پێنجشەممەی داهاتوو ئەردۆغان و ئۆزەل لەسەر چەند دۆسیەیەک کۆدەبنەوە

دیداری ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل لە پەرلەمانی تورکیا - وێنە: AA
دیداری ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل لە پەرلەمانی تورکیا - وێنە: AA

K24 - هەولێر:

دوای هەشت ساڵ دوو گەورەترین پارتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، ڕۆژی پێنجشەممە لەپێناو قسەکردن لەسەر دەستوورێکی نوێ کۆدەبنەوە. هەرچەندە کاتژمێری کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە ئەو تەوەرانە دیاریکراون کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا قسەی لەسەر بکرێت.

میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆدەبێتەوە.

لەبارەی ئەو دۆسیانەی چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و ئۆزەل باسیان لێوەبکرێت، یەکێکیان بریتییە لە واژۆکردنی پرۆژەکانی ئەو شارەوانیانەی لەلایەن جەهەپەوە سەرۆکایەتی دەکرێن، ئۆزگور ئۆزەل داوا دەکات، ئەردۆغان واژۆیان لەسەر بکات بۆ ئەوەی پرۆژەکان دەستپێبکەن.

هاوکات بابەتی بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینان دۆسیەیەکی دیکەی نێو جانتاکەی ئۆزگور ئۆزەلە و  داوا دەکات مووچەی خانەنشینان بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی کەمترین مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، کە ئێستا لەو ڕێژەیە کەمترە.

هەروەها  دامەزراندنی مامۆستایان تەوەرێکی گرنگی دیدارەکە دەبێت چونکە زیاتر لە 100 هەزار دەرچووی زانکۆکان لە تورکیا کە هەڵگروای بڕوانامەی مامۆستایەتین، دانەمەزراون و داوا دەکرێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆزگور ئۆزەل جەختیش لەوە دەکاتەوە، بڕیارەکانی دادگای دەستووری تورکیا جێبەجی بکرێن بەتایبەتی لە دۆسیەی پارکی گەزی.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گەرمترین دۆسیەی کۆبوونەوەکە دەبێت ئەویش پرسی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ دەبێت بۆ تورکیا، ئۆزگور ئۆزەل جەخت لەوە دەکاتەوە کە دژی گۆڕینی دەستوور نین، بەڵام پێویستە دەستووری ئێستاش وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ئینجا باسی دەستووری نوێ بکرێت.

سەرۆکی جەهەپە داواش دەکات لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت بەتایبەتی لە پرسەکانی دۆسیەی قوبرس، ئەرمەنییەکان، فەڵەستین، یۆنان و پرسی ڤیزە.

هەرچەندە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە دیدارەکەی ئەردۆغان و ئۆزەل بە هەنگاوێکی ڕاست نابینێت، بەڵام ئۆزگور ئۆزەل دەڵێت، لەگەڵ دەسەڵات لە کاتێکدا دانوستاندن دەکەن، لەهەمان کاتیشدا ڕووبەڕووی دەبنەوە و خەبات لە دژی بەرپا دەکەن.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی 104 ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و چاوی بە زۆربەی سەرۆکی پارتەکانی تورکیا کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، کەوت.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەردۆغان بۆ ماوەی 10 خولەک لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گفتوگۆی کردووە و دواتریش سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئۆزگور ئۆزەل داوای لێ کردووە پێکەوە کۆببنەوە و ئەویش داواکەی قبوڵ کردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆ ببنەوە.

ئەمەش دەبێتە یەکەم دیداری نێوان ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل، لەوەتی ئۆزەل بووەتە سەرۆکی جەهەپە کە شوێنی کەمال كڵچدارئۆغڵوی گرتەوە کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئایاری ساڵی ڕابردوو بەرامبەر ئەردۆغان شکستی هێنا.

هەروەها لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو، جەهەپە توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت و وێڕای پارێزگاری لە پۆستی سەرۆک شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، توانی ببێتە هێزی یەکەمی تورکیا و ژمارەی دەنگەکانی پێش ئاکپارتی کەوتەوە.