هیوا گەیلانی: هەڵبژاردن پەیوەندی بە هەموو خەڵکی کوردستانەوە هەیە

هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بابەتێکی چارەنووس سازە، پەیوەندی بە کۆی پڕۆسەی سیاسی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانی گەشتی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، بابەتی هەڵبژاردن بابەتێکی گرنگ و چارەنووس سازە، پەیوەندی بە کۆی پڕۆسەی سیاسی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە هەیە.

بەگوتەی ئەو ئەندامە، "پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە، کەس ناتوانێت موزایەدەی ئەوە بکات بەسەر پارتی کە لەگەڵ هەڵبژاردن نەبووە. هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێت، پێشنیاری هەڵبژاردن، پێشنیاری سەرۆک بارزانی بووە.

ئەو ئەندامە گوتیشی: "لە ڕۆژی یەکەمەوە تاکو ئێستە، ئێمە لەگەڵ ئەوەدانەبووین کە هەڵبژاردن دوابخرێت، پێمانوابوو دەبێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت، ئێستەش دیارە کێ بەربەست و ئاستەنگی دروست کردووە، ئێستەش داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان نەکردووە، تەنیا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیمان هەیە لە ڕووی یاساییەوە و دەستووریشەوە.

هیوا گەیلانی ڕاشیگەیاند، "ئێمە نامانەوێت بچینە هەڵبژاردنێکەوە کە پێشتر ڕێکخرابێت، فەلسەفەی هەڵبژاردن گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵکی، ئەگەر گوێ بۆ ڕای خەڵکی نەگیرێت و پێشتر ئەنجامەکانی ڕاگەیاندرابێت، هیچ ئەنجامێکی نابێت، هەر بۆیە پارتی بەشداری هەڵبژاردنێکی لەو شێوە ناکات.

ئەوەش دەخاتە ڕوو، "ئامادەییمان هەیە بچینە ناو هەڵبژاردن، بەلام هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف کە گوزارشت لە بیروڕای خەڵکی بکات".

گەیلانی ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارانەی بەناو دادگای فیدراڵی ڕایگەیاندووە، دەستوەردان و زیادەڕۆیی کردنە لە ئەرکەکانی خۆی، بابەتی پێکهاتەکان یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ڕێزگرتن لە پێکهاتەکان و ئەو بەیەکەوە ژیانەی کە هەیە، ئاماژەیەکە بۆ ڕیزگرتن لە بیروڕایان و ئاینیان، دادگای فیدراڵ بێبەشیان کردوون لە هەڵبژاردن، ئەوە جگە لەوەی چەندان گرفتی دیکە کە بوونی هەیە، پارتی بە ڕوونی و ئاشکرا بە لایەنەکانی گوتووە، دەبێت ئەو هەڵانە راستبکرێنەوە ئەوکاتە ئێمە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەین.