هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كوردستان24: لیوا هاوبه‌شه‌كان له‌ ناوچه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق جێگیر ده‌كرێن

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش

K24 – هەولێر:

له‌ لێدوانێكدا، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، گرووپی ڕاوێژكاری له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ ڕاوێژ ده‌داته‌ هێزه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه. هاوكات گوتیشی: گرووپی ڕاوێژكاری هاوپەیمانان لە پێدانی ڕاوێژ و ڕاهێنان بەردەوام دەبێت.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند، لیوا هاوبه‌شه‌كان له‌ ناوچه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق جێگیر ده‌كرێن. 

له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆره‌وه‌، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەتوندترین شێوە ئیدانەی هێرشەكە دەكات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەی جیددین بۆسەر سەقامگیریی و گوزەرانی خەڵكی عێراق بە گشتیی.  

ڕوونیشی كرده‌وه‌، "هێرشەكان بۆسەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەربازەكانمان و خەڵكی عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە".

داواش لە حكوومەتی عێراق دەكات، ڕێكاری پێویست بۆ پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا لە هێرشی گروپ و میلیشیاكان بگرێتەبەر و ده‌ڵێت: "ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، هیچكات دوو دڵ نابین لە بەرگریی لە هێزەكانمان وەك چۆن لە ڕابردووشدا بەرگریمان لە خۆمان كردووە".

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دووپاتیشی كرده‌وه‌، پابەندین بە ئەركەكەمان و كه‌ لەناوبردنی داعشە و كاردەكەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ "گرووپی ڕاوێژكاریی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە سەنتەری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە راوێژ دەداتە هێزە عێراقییەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان".

له‌ 5ی ئه‌یلوولی 2014 و له‌كاتی به‌هێزی داعش و داگیركردنی به‌شێكی زۆر له‌ خاكی سووریا و عێراق و هه‌‌وڵه‌كانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا و له ‌سه‌رده‌می باراك ئۆباما هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ عێراق و سووریا پێك هێنرا، یه‌كه‌م گورزی ئاسمانیشی له‌ 7ی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵ له‌ چه‌كدارانی داعش وه‌شاند.

هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئوسترالیا، ئه‌ڵمانیا و ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتی دیكه‌ پێك هات و دواتر بۆ 81 وڵات و 5 ڕێكخراوی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی فراوان بوو و به‌ڵێنی بێهێزكردنی رێكخراوی داعش و به‌ ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و داراییه‌كه‌یان دا.