عەلی سەعید: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بە زۆر ناردنەوەی ئاوارەکان نییە

عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی عێراق هەوڵی داخستنی کەمپی ئاوارەکان دەدات، هاوکات دەیەوێت ئاوارەکان بەزۆرەملێ بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانیان.

عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، حکوومەتی عێراق بەشی زۆری هاوکاریی ئاوارە و پەنابەرانی بڕیوە، ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هیچ کۆمەک و هاوکارییەک بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری پێداویستییەکان لە ڕێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ ئاوارەکانی کەمپەکان دابین دەکات، بەشێکی دیکەش لە پێداوستییەکان لەلایەن ڕێکخراوە نێودوڵەتییەکانەوە دابین دەکرێت.

ناوبراو، ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای ساڵی 2018ـەوە قۆناغ بە قۆناغ هاوکارییەکان بۆ ئاوارەکان کەمی کردووە، دەتوانین بڵێین هاوکارییە مرۆییە داراییەکان بۆ ئاوارەکان لە سفر نزیک بووەتەوە، هەروەها دابینکردنی کاڵا خۆراکیەکانیش لە سفر نزیک بووەتەوە.

لەبارەی ناردنەوەی ئاورەکان بە زۆرەملێیی، عەلی سەعید، گوتی: لە دوای 2016 وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە هەموو شێوەیەک داوای کردووە کەمپەکان دابخرێن، چەندین جار لە کۆبوونەوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە دەبێت بەهەمو شێوەیەک کەمپەکان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە ناوچەکانیان.

گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی ئاوارەکان نییە، لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی هەندێک کەمپی بە بەکارهێنانی هێز داخستووە، زۆرینەی خەڵکەکە بە ناچاری بۆ قۆناغی دووەم و سێیەم ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوونەوە، بەشێکی زۆریشیان هاتنە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، باسی لەوەش کرد، حکوومەتی عێراق هەوڵی داخستنی کەمپەکان دەدات، لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکات.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، لە پارێزگای سلێمانی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای سلێمانی لیستێکی 500 کەسیمان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی ئاوارەکان بە قۆناغ بگەڕێنەوە پارێزگای سەڵاحەددین، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران 3 کاتژمێر پێش ئەوەی پڕۆسەکە دەست پێ بکات پێیان ڕاگەیاندین کە ئەوان نەتوانن ئەو خەڵکانە بگەڕێننەوە، هەروەها بیانوی زۆر سەیریان هەبوو لەو بابەتە، پاشگەزبوونەوە لە ناردنەوە ئەو ئاوارانە.

عەلی سەعید، دووپاتی کردەوە، ئەو درووشمانەی وەزارەتی کۆچ و کۆچەبارن ئاماژەیان پێ دەکات دوورە لە ڕاستییەوە و دەیانەوێت زانیارییەکان بە ئەنقەست بشێوێنن.