مونا قەهوه‌چی: بەبێ بەشداریی پێکهاتەکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت

مونا قەهوه‌چی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان
مونا قەهوه‌چی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان داوا دەکات لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وادەیەکی دیکە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن، هاوکات جەخت لە گەڕانەوە مافی پێکهاتەکان دەکاتەوە.

مونا قەهوه‌چی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کورسی پێکهاتەکان بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین، میکانیزمی بەشداریکردنەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، جەختی لەوە کردەوە، دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاوڕابن لەوەی کە ئێستا کاتی هەڵبژاردن نییە و نابێت هەڵبژاردن بەبێ بەشداریی پێکهاتەکان بکرێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەرێکی کراوەیە لەبەردەم دادگای فیدراڵی کە ئەو بڕیارەی دژی کورسیی کۆتاکان دەری کردووە ڕاستی بکاتەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

مونا قەهوه‌چی، دەڵێت: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداریی پێکهاتەکان ناکرێت. گوتیشی: بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن یەکێتییەوە لەسەر کورسی پێکهاتەکان لە دادگای فیدراڵی کورسییەکانیان هەڵوەشێندرایەوە.

ناوبراو ڕوونیکردەوە، سکاڵاکەی یەکێتی داوای دابەشکردنی کورسیی کۆتای کردبوو نەک هەڵوەشاندنەوەی کورسییەکان، بەڵام دادگای فیدراڵی گوێ بە داوایەکەی یەکێتیش نەدا کورسیی کۆتای هەڵوەشاندەوە.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، چاوارێی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانن کە بیر لەوە بکەنەوە ڕێک بکەون و وادەیەکی دیکەی دیاریی بکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لەبارەی ئەوەی ئەندامانی پارتی چاکسازیی تورکمان نوێنەری ڕاستەقینەی تورکمانەکانن یا نا، مونا قەهوه‌چی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: ئێمە نوێنەری ڕاستەقینەی تورکمانەکانین و لەلایەن میلیشیاکانەوە دەنگمان پێ نەدراوە بەڵکو لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە دەنگمان پێ دراوە.