ئانی جاكوبسن: ئه‌گه‌ر هێرشی ئه‌تۆمی ده‌ست پێ بكات له‌ ماوه‌ی 72 خوله‌كدا جیهان وێران ده‌بێت

K24 – هەولێر:

به‌هۆی ناكۆكیی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان (وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا) له‌گه‌ڵ ڕووسیا، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی ئه‌تۆمی له‌ زیادبووندایه.

پێشتریش ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تیی ئه‌ورووپا، هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی كردبوو.

هه‌روه‌ها ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی ڕووسیا هۆشداری ئه‌وه‌ی دابوو، كه‌ هه‌ر وڵاتێك هێز ڕه‌وانه‌ی ئۆكرانیا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕووسیا بكات، كاردانه‌وه‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. گوتبوشی، هه‌ر هه‌نگاوێك وڵاتانی‌ ڕۆژئاوا ده‌یگرنه‌به‌ر، مه‌ترسیی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی زیاد ده‌كات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ (ئانی جاكوبسن)ـی نووسه‌ر، له‌میانی گوتارێكدا به‌ناونیشانی (سیناریۆی شه‌ڕی ئه‌تۆمی)دا، باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌كاتی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئه‌تۆمی، پیێشبینی ده‌كرێت له‌ماوه‌ی 72 خوله‌كدا جیهان وێران بێت.

ئانی جاكوبسن پێشبینی هێرشه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی به‌م شێوه‌ كردووه‌:

كیم جۆن ئوون بە مووشه‌كی بالیستی كیشوه‌ڕبڕ، هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر پێنتاگۆن

كۆریای باكوور هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كه‌شتیه‌كانی كووره‌ی ئه‌تۆمیی ئه‌مه‌ریكا له‌ كالیفۆرنیا

دوای ئه‌مه‌ شه‌ش خوله‌ك له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكادایە بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ 

كۆشكی سپی چۆڵ ده‌كرێت و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شوێنێكی سه‌لامه‌ت، فشار ده‌خرێته‌ سه‌ر بایدن تاكو هێرش بكاته‌ سه‌ر كۆریا باكوور، كه‌ 82 پێگه‌ و ئامانج له‌خۆ ده‌گرێت.

ئه‌مه‌ریكا، ڕووسیا مووشه‌ك باران ده‌كات

په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكی ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا ده‌پچڕێت و ته‌نیا یه‌كتر مووشه‌ك باران ده‌كه‌ن

له‌ماوه‌ی 72 خوله‌ك به‌هۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ئه‌تۆمییه‌كان، جیهان وێران ده‌بێت.

به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی پێگه‌ی پۆڵه‌تیكۆ، زۆرترین پێشبینی بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی كراوه‌، ڕه‌نگه‌ هێرشی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن وڵاتانی ناكۆك ڕوو بدات.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی ڕووسیا هێرشكرایه‌ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپایی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌ و هه‌میشه‌ پێشبینی فراوانبوونی ئه‌و جه‌نگه‌ به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌ورووپا ده‌كرێت.