ڤینسێت کامپۆس: پێویستە حکوومەتی عێراق گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ بکات

ئەحمەد سەڕاجی: ململانێیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران عێراقی کردووەتە قوربانی
ڤینسێنت کامپۆس، شارەزای وزە و دیپلۆماتی بەرەی ئەمه‌ریكا
ڤینسێنت کامپۆس، شارەزای وزە و دیپلۆماتی بەرەی ئەمه‌ریكا

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی وزە و دیپلۆماتیی بەرەی ئەمه‌ریكا ڕایدەگەیەنێت، ئەو گرووپە چەکدارانی کە ئەمەریکا سزایانی داوە لەژێر هەژموونی ئێرانن. ناوبراو دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ بکات.

ڤینسێنت کامپۆس، شارەزای وزە و دیپلۆماتیی بەرەی ئەمه‌ریكا، لەمیانە بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای واشنتن، بەهێزیی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و عێراقی سەلماند.

ئەو شارەزایەی وزە دەڵێت: ئەو گرووپ و کەسایەتییانەی کە ئەمەریکا سزایانی داوە، کاری هەڵە و نابەجێیان دژی سیاسەتەکانی ئەمەریکا کردووە، هاوکات دەبێت حکوومەتی عێراق کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات، چونکە ئەو گرووپانە وایان کردووە ئەمەریکا سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەمەریکا دەیەوێت ژیان، گوزەران و ئابووری عێراق باشتر بکات، هەروەها سوودانی چەندین جار بەڵێنی داوە نەهڵێت گرووپە چەکدارەکان هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام ئەو گرووپانە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراقدان.

لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ڤینسێت کامپۆس، گوتی: سوودانی بەڵێنی داوە لیژنەیەک دروست بکات و لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی هێرشکرنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و، ئەوانەی بەرپرسن ڕاپێچی دادگایان بکات، بەڵام تا ئێستا ئەو لێکۆڵینەوانە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

لای خۆیەوە ئەحمەد سەڕاجی، شارەزای سیاسی، ڕایگەیاند، ئەمەریکا خاوەنی گۆڕانکارییە لە عێراق، هەر ئەویش سیستەمی دیموکراتی لە عێراق جێگیر کرد، بۆیە هەر هەڵەیەک  دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بکرێت، ئەوا ئەمەریکا سزای دارایی بەسەر بکەرانیدا دەسەپێنێت.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەمەریکا دەزانێت هەژموونی ئێران لە عێراق زۆر بەهێزە، بە شێوەیەک کە سوودانیش ناتوانێت بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەی هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەژێر هەژموونی ئێرانن.

ئەحمەد سەڕاجی، لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر گوتی: هێرشی سەر کۆرمۆرمان بینی کە حکوومەتی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێک هێنا، هەروەها حکوومەت بەڵێنی داوە بکەرانی هێرشەکە راپێچی دادگا بکات.

ناوبراو گوتیشی: ململانێیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران عێراقی کردووەتە قوربانی.