کۆڵۆمبیا پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند

K24 - هەولێر

ڕۆژی چوارشەممە، گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند، بەهۆی کردەوەکانی ئیسرائیل و ئەنجامدانی "جینۆساید" لە غەززە، پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەپچڕێنێت.

پێترۆ لەکاتی گردبوونەوەیەکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە بۆگۆتا گوتی: ڕۆژی پێنجشەممە، 2-5-2024، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دەپچڕێنن.

پێترۆ پێشتر ڕەخنەی توندی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و داوای کردووە بەشداری لە سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور لە دژی ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتیدا بکات.

لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل بڕیارەکەی کۆلۆمبیای بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە پاداشت بۆ بزووتنەوەی حەماس وەسف کرد.

 لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس پێشوازیی لە بڕیارەکەی کۆڵۆمبیا کرد بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەهۆی ئەو شەڕەی کە زیاتر لە شەش مانگە لە کەرتی غەززە بەردەوامە.