بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری قەزای ڕواندز جێبەجێ دەکرێن

پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان بە گوژمەی 600 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، ژەمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئیدارەی سۆران بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن و یەکێک لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیانە بە گوژمەی زیاتر لە 500 ملیۆن دینار جێبەجی دەکرێت و لە داهاتوودا چەند پڕۆژەیەکی دیش دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئایاری 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەردی چەند پڕۆژەیەک دادەنێن و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەوڵ دەدەین ئەوپڕۆژانەی دیکەش کە پێویستییان بە جێبەجێ کردن هەیە، بیانخەینە بواری جێبەجێکردن.

بەگوتەی ئەو سەرپەرشتیارە، "دۆڵی ئاکۆیان لە شۆڕشەکانی مێژووی کورد گرنگییەکی تایبەتی هەبووە، بۆیە مافی خۆیانە ناز بەسەر حکوومەتدا بکەن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتییان بکەین."

ئەو سەرپەرشتیارە گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدرێت، هەموو ئەوانەی لەم دەڤەرەن بە گەنج و پیر و پیاوماقوڵ، لەگەڵ بەرپرسانی حزبی داواکارییەکی زۆریان بۆ ئێمە هێنابوو، ئەو چەند پڕۆژەیە گرنگییەکی زۆری بۆ ئەم دەڤەرە هەیە و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، یەکێکیش لەو پڕۆژانە، پڕۆژە ئاوی دۆڵی ئاکۆیانە کە دەبوو زووتر جێبەجێبکرایە، بەڵام بەهۆی هەندێک هۆکار و کێشەی تەکنیکی کارەکانی تۆزێک دواکەوت، بەڵام ئەمڕۆ لە قۆناغی یەکەم بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیە دادەنێین و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا قۆناگەکانی دیکەی دەستپێدەکات دەچێتە خزمەت هاووڵاتییانی ئەم دەڤەرە."

هەڵگورد شێخ نەجیب ڕاشیگەیاند: "وێرای پڕۆژەی دۆڵی ئاکۆیان، ئەمڕۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکەش بەردی بناغەی دادەنرێت، ئەویش قیرتاوکردنی ڕێگەکانی گوندی سەران، گەڕاوەنی خوارو، ئاکۆیان، فەقیان و ئاوی کەون و چەند گوندێکی دیکەی سەربە شارۆچکەی ڕواندوزن، ئەمڕۆ بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانە دادەنرێت. کۆی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانە دەکرێت، بڕی گوژمەی زیاتر لە دووملیار و 500 دەبێت."

ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەکرێت بریتین لەمانە

* پرۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان بە گوژمەی نزیکەی 600ملیون دینار .

* قێرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی رێگای گوندەکانی سەران، گەرەوانی خواروو، ئاکووان، فەقیان، ئاوی کەون، گەرەوانی سەرو بە قەزای رواندز، گوژمەی تەرخانکراو نزیکەی 769میلیون دینار.

* چاککردنەوە و نوژەنکردنەوەی کۆڵانەکانی سەنتەری قەزای ڕواندز گوژمەی تەرخانکراو زیاتر لە 480 ملیون.

* نوژەنکردنەوەی یاریگای 11 یاریزانی رواندز گوژمەی تەرخانکراو نزیکەی 290 ملیۆن دینار .

* کۆنکرێت کردنی کۆڵانەکانی بەرزێوە، ماولیان و جوندیان گوژمەی تەرخانکراو نزیکەی 270 ملیۆن دینار