سەنتەری لۆجیستیی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بە 700 ملیۆن دینار لە هەڵەبجە دامەزرا

سەنتەری لۆجیستیی پارێزگای هەڵەبجە
سەنتەری لۆجیستیی پارێزگای هەڵەبجە

K24 – هەولێر:

سەنتەری لۆجیستیی پارێزگای هەڵەبجە بە تێچووی 700 ملیۆن دینار لەسەر ڕووبەری دوو هەزار و 800 مەتر بونیات نراوە؛ کە لە چەند بەشێکی گرنگ پێک دێت وەک: بەشی کۆگا، ساردکەر، ئۆفیسی کۆگا و دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکان.

فریاد نەجمەدین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگەی هەڵەبجە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "سەنتەری لۆجیستیی هەڵەبجە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی وەزارەتی ناوخۆ - ناوەندی هاوبەشیی هەماهەنگیی قەیرانەکان؛ بە هاوکاری و پاڵپشتیی ئاژانسی (THW)ی ئەڵمانیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ئەڵمانیا دامەزراوە".

فریاد نەجمەدین گوتیشی: "ئەم سەنتەرە وەکو ژێرخانێکی ئابووری بۆ شاری هەڵەبجە بەکاردێت؛ کاتێک کە ڕووداوێکی سرووشتی و کارەساتێک ڕوو لەم شارە دەکات، لەم سەنتەرە کەلوپەلی پێویست هەڵدەگیرێت و هاوکاریی کەسانی لێقەوماو و زیانبەرکەوتوو دەکرێت".

لە کۆگای سەنتەری لۆجیستیی هەڵەبجە، کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستیی گرنگ بۆ هاووڵاتییانی لێقەوماو دابین کراوە وەک: ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانی ناو کۆگاکە بۆ شوێنە دوورەکان، ئوتۆمبێلی بەرزکەرەوە، ڕایەخ، کەرەستەی پاککەرەوە، خۆراک، پێداویستیی منداڵان و پێخەف و دۆشەک.

لە هەولێر و سلێمانی، دهۆک و زاخۆ سەنتەری لۆجیستی بوونیان هەیە؛ لە ئایيندەیەکی نزیکدا لە ئیدارە سەربەخۆکانیش سەنتەری هاوشێوە دروست دەکرێن.