عەزیز ئەحمەد: لە پرۆژەی هەژماری من هاووڵاتییان سەرپشکن لە هەڵبژاردنی بانکەکان

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە پرۆژەی هەژماری من، نامانەوێت لە هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵیشەوە قۆرغکاری هەبێت و هاووڵاتییان سەرپشکن لە هەڵبژاردنی بانکەکان.

ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە: "ئامانجی سەرەکی ئێمە لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کە هاووڵاتییان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن".

عەزیز ئەحمەد جەختیکردووەتەوە: :لەم بابەتەدا نامانەوێت نە قۆرخکاریی بەغدا هەبێت نە هی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، دەمانەوێت زۆرترین بژاردە لە بانکە حکوومی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی و تایبەتەکان بخەینە بەردەستی هاووڵاتییان".

هاوکات جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوونی هەر پرسیار و گومانێک لەبارەی پرۆژەی هەژماری منەوە، ئامادەیی ڕوونکردنەوەی نیشانداوە و بۆ ئەوانەی زانیاری هەڵە لەبارەی هەژماری منەوە بڵاودەکەنەوە نووسیویەتی: "زانیاری هەڵە و ساختە زیان بە هەمووان دەگەیێنێت، هەمیشە بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان باشترە".

بەگوێرەی ئامارەکانی پرۆژەی هەژماری من، کۆی هەژمارە کراوەکان بۆ مووچەخۆرانی دامودەزگای جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە 301 هەزار هەژمار و لەو ژمارەیە 200 هەزار کارتی بانکیی ڕادەست کراوەتەوە. 

ئامارەکان باس لەوەش دەکەن، ئێستا 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکو ئێستا شەش بانکە و هەریکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی، بانکی ئەهلی عێراقی و بانکیی ئیسلامی عێراقی لە پرۆژەکە لەخۆدەگرێت.

هەژماری من؛ ژمارەیەک خزمەتگوزاریی و سوود بۆ بەشداربووانی دەستەبەر دەکات، گرنگترینیان؛ خزمەتگوزاری دارایی، پاداشتی هاوبەشی، توانای ڕاکێشانی پارە لە سەرجەم ئامێرەکان و کارپێکردن لە سەرانسەری جیهان و ئاسایشێکی باشتری دارایی فەراهەم دەکات.

پرۆژەی هەژماری من و بانکە بەشداربووەکان لەلایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە دانپێدانراون، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختدەکاتەوە، (هەژماری من) گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە.