لە هەڵمەتێکی ژینگە پارێزیدا بەشێکی چیای ناڵەشکێنە سەوز دەکرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ڕێکخراوی ئەنجوومەنی سروشتی شارەکەم بۆکان، لە چیای ناڵەشکێنەی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری ژینگە دۆستانی خۆبەخش هەڵمەتێکی چاندنی نەمامی ئەرخەوانی بەڕێوە برد.

ڕێکخراوەکە پێشتر لە بانگهێشتنامەیەکدا داوای لە دانیشتوانی بۆکان کردبوو لە هەڵمەتە خۆبەخشییەکەدا بەشدار بن و هەر کەسێک نەمامێک بڕوێنێت کارتێکی پێ دەدرێت و دارەکە بە ناوی ئەوەوە تۆمار دەکرێت.

محێدین ڕەزایی، چالاکی ژینگە  دەڵێ "ئەنجوومەنی شارەکەم بۆکان، ئێمەی بانگهێشت کردووە بۆ بەشداریی لەم چالاکییە جوان و زێڕینەدا، ئەمەش جێگەی شانازییە و بە ‌هەوڵ و کۆششی ئەو لاوانە ژمارەیەکی زۆر شەتڵ و نەمامیان هێناوە بۆ ئەوەی بڕوێندرێن".

خانمێکی چالاکوانیش دەڵێ" هاتووینەتە شاخی ناڵەشکێنە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی هاوڕێیانی ئەنجوومەنی شارەکەم بۆکان، ئەمە چەندەم قۆناغی سەوزکردنی شاخەکەیە دەست پێ کردووە، ئومێد دەکەین لە داهاتوودا ناڵەشکێنە شاخێکی سەر سەوز و پڕ لە گوڵ و جوانی بێت".

لە هەڵمەتەکەدا کە بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی شاری بۆکان بەڕێوە چوو، 400 نەمامی ئەرخەوان ڕواندرا و یەکێک لە بەشداربووانی هەڵمەتەکەش دەڵێت، پاراستنی ژینگەی وڵات و سەوزکردنی ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە.

لوقمان شەهابی یەکێکە لە بەشداربووانی هەڵمەتەکە و دەڵێ "لە دامێنی ناڵەشکێنە زیاتر لە 400 نەمامی ئەرخەوان ڕواندراون بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پاک و جوانمان هەبێت و خزمەتی گشتی بکات، ئەمەش ئەرکی هەموو تاکێکە کە ژینگەی وڵاتەکەی پاک و خاوێن و جوان ڕابگرێت بۆ ئەوەی نەوەکانی دای ئێمەش لەم ژینگە جوان سوومەند بن".

ئەنجوومەنی سروشتی شارەکەم بۆکان، بەسەر هەڵمەتەکەدا ڕادەگەیشت و ڕێنوێنی بەشداربوونی هەڵمەتەکەی دەکرد کە دووری نێوان نەمامەکان بپارێزن. پێشتریش چەند جارێک هەڵمەتی چاندنی نەمام لە چیای ناڵە شکێنە بەڕێوە چووە کە چیایەکی بەردەڵانە و بە سەر شاری بۆکانەوە دەڕوانێت و سەوزبوونی، ژینگەی بۆکان جوانتر و خۆشتر دەکات.