ماکرۆن: دەرگای دانوستان لەگەڵ ڕووسیا بە کراوەیی دەهێڵینەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا

K24 - هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی La Tribune، ڕاگەیاند، پێویستە بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیا بکرێت.

ماکرۆن گوتی: "ئێمە دەرگای دانوستان لەگەڵ ڕووسیا بە کراوەیی دەهێڵینەوە، بە شێوەیەکی دروست مامەڵە دەکەین، ئەگەرنا، واز لە سیستەمی نێودەوڵەتی دەهێنین."

لە هەمان کاتدا، ماکرۆن سیاسەتی ناڕوونیی ستراتیجی بەرامبەر بە ڕووسیا ڕاگەیاند. سەرۆکی فەرەنسا پێی وایە توانا و مەودای مووشەکی بالیستیکی ڕووسیا وڵاتانی ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە.

ماکرۆن دەشڵێت: "بەهۆی ئۆکرانیا ئاسایشی ئەورووپاییەکان لە مەترسیدایە، چونکە دەکەوێتە دووری 1.5 هەزار کیلۆمەتر لە سنوورەکانمانەوە؛ ئەگەر ڕووسیا سەربکەوێت، ئەوکاتە هیچ ئاسایشێک و سەقامگیرییەک نامێنێت، چ لە ڕۆمانیا، پۆڵەندا، لیتوانیا، یان فەرەنسا ." ڕاشیگەیاند، هێز و مەودای مووشەکی بالیستی "ڕووسیا هەموومان دەخاتە مەترسییەوە."

لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو، سەرۆکی فەرەنسا، لە میانی وتارێکیدا کە لە زانکۆی سۆربۆن سەبارەت بە داهاتووی ئەوروپا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا دەبێت ئامادەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا دوای کۆتاییهاتنی ململانێی ئۆکرانیا. بەڵام لە هەمان کاتدا ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە چەکی ئەتۆمی فەرەنسا توخمێکی جەوهەرییە لە ستراتیجیی بەرگری ئەورووپا و هەروەها لە پەیوەندییەکانی دراوسێیەتی لەگەڵ ڕووسیادا.

پێشتر دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا مەترسی لەسەر هیچ وڵاتێکی ئەورووپا دروست ناکات.