دوای پێنج ساڵ سەرۆکی چین سەردانی فەرەنسای کردەوە

K24 - هەولێر

لە دوای یەکەم سەردانی فەرمیی بۆ ئەورووپا لە ساڵی 2019، جارێکی دیکە بەسەردانێکی فەرمی سەرۆکی چین گەیشتە فەرەنسا.

شی جی پینگ، سەرۆکی چین لە دوای یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ ئەورووپا لە ساڵی 2019، جارێکی دیکە بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە پاریس. بڕیارە لەلایەن گابرێل ئاتال سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێ بکرێت.

بڕیارە سەرۆکی چین بەشداریی یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان فەرەنسا و چین بکات، هەرەوەها لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن ژمارەیەک پرسی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پرسی وزە تاوتوێ بکەن.

هەروەها بڕیارە لە کۆبوونەوەی سەرۆکانی فەرەنسا و چین، ئورسۆلا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاش بەشداریی بکات.

پێشتریش لای خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ساڵی ڕابردوو بەسەردانێکی فەرمی سەردانی چینی کرد.