فەرمی: گێرێرۆ بەرامبەر ریاڵ مەدرید یاریی ناکات

رافایل گێرێرۆ بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن
رافایل گێرێرۆ بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن

رافایل گێرێرۆ بەرگریکاری چەپی پۆرتوگاڵی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا، بەهۆی پێکان بەشداری یاریی گەڕانەوەی یانەکەی، بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ ناکات.

ماڵپەری فەرمی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، بەرگریکاری چەپی یانەکەیان بەهۆی ئەو پێکانەی، لە یاریی بەرامبەر شتوتگارت لە پاژنەی قاچی تووشی بووە، ناتوانێت بەشداری یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریاڵ مەدرید بکات.

گێرێرۆ یاریی چوونیش لە پێکاتەی سەرەکی یانەکەی بەرامبەر یانە ئیسپانیەکە نەبووە، ئەو بەرگریکارە پۆرتوگاڵیە لەو یارییە نیوەی دووەم و لە خولەکی 46 لە شوێنی گۆرتێسکا بەشداری یارییەکەی کرد.

هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و بایرن میونشن چوارشەممەی داهاتوو کاتژمێر 10ـی شەو بە کاتی هەولێر، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لە پێناو یەکلایی کردنەوەی بلیتی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.