بەرپرسێکی حەماس باسی داخستنی نووسینگەی بزووتنەوەکەیان دەکات لە قەتەر

K24- هەولێر

موسا ئەبو مەرزوق، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی جێبەجێکاری بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند، پرسی داخستنی نووسینگەی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە، هەرگیز نەخراوەتە ڕوو و گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.

ئەبو مەرزوق بە کەناڵی "ئێم بی سی"ڕاگەیاند، سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لەسەر داوای کەسێکی ئەمەریکی لە دەوحە بوون، هەروەها سەرکردەکان دوای ناکۆکی لەگەڵ ئوردن چوونە قەتەر ، واشنتنیش داوای لە لایەنی قەتەری کردووە پێشوازیی لە حەماس بکەن.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردبووەوە، "دەوحە چاوەڕوانی داواکاریی ئەمەریکا دەکات بۆ دەرکردنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە گوتیشی: ئەمەریکا داوای لە قەتەر کردووە سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس دەربکات ئەگەر هاتوو ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان ڕەت بکاتەوە.

جگە لەوەش، بزووتنەوەی "ئەنساروڵڵا" حوسییەکان لە یەمەن ڕایگەیاند، ئامادەیە میوانداریی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بکات، ئەمەش لە وەڵامی هەوڵێکی ڕۆیتەرزدا هاتووە کە تێیدا هاتووە، "ڕەنگە قەتەر  نووسینگەی حەماس دابخات وەک پێداچوونەوەیەک بە نێوەندگیرییەکەی لە شەڕی غەززەدا".