نێچیرڤان بارزانی و ڕئیسی جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران کردەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران

K24 - هەولێر

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پێگەی ئەلیکترۆنی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، لە دیداری نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئيبراهيم ڕه‌ئيسى، سه‌رۆككۆمارى ئيسلاميى ئێران لە تاران جه‌خت له‌ پەرەپێدانی په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان کرایەوە له‌سه‌ر‌ بنه‌ماى دراوسێيه‌تيى و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و په‌يوه‌نديى ئابوورى.

هه‌روه‌ها ستايشى په‌يوه‌نديى دێرين و مێژووييى كۆمارى ئيسلامى و هه‌رێمى كوردستان كرا.

لەلایەن خۆیەوە ئیبراهیم ڕەئیسی سوپاس و پێزانينى كۆمارى ئيسلامى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى بۆ ئه‌و هاوكارييه‌ى پێشكه‌ش به‌ زياره‌تكارانى ئێرانى بۆ مه‌زارگه‌ پيرۆزه‌كان له‌ باشوورى عێراق ده‌كات له‌ كاتى تێپه‌ڕبوونيان به‌ هه‌رێمى كوردستاندا. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانيش سوپاسى پشتگيریی و هاريكاريى کۆماری ئیسلامی ئێرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داكۆكييان له‌ پێويستى و گرنگيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌.