نێچیرڤان بارزانی: بەداخەوە هەواڵی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێرم بیست

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: بەداخەوە هەواڵی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێرم بیست کە بەهۆیەوە جگە لە برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانی، زیانێکی زۆری ماددیش بەر کاسبکارانی بازاڕەکە کەوتووە.

ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم و هاوخەمی کاسبکارانی ئەو بازاڕەم کە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌بێ لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە بکەن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: سوپاسی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، فریاکەوتن، پۆلیس، ئاسایش و تەندروستی دەکەم کە بەرپرسانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و بەریان بە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە گرت.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە: "پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانه‌ و بەدواداچوونێکی هەمەلایەن بۆ ڕووداوەکە بکرێت، هەروەها کاسبکارانیش زیاتر پابەندی ڕێنمایییەکان و گرتنەبەری ڕێکارەکانی سەلامەتی بن".

لەبارەی بازاڕی قەیسەریی هەولێرەوە، نێچیرڤان بارزانی ڕوونیکردووەتەوە: ئەم بازاڕە شوێنەوارێکی مێژوویی و سیمایەکی جوانی پایتەختی هەرێمی کوردستانە، بۆیە هەموو پشتیوانییەک بۆ هەرچی زووتر نۆژەنکردنەوەی، ڕادەگەیەنین.

ڕۆژی (5ـی ئایاری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمڕۆش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.