ڕەحیم عەبوودی: لەنێو سووننەکاندا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نییە

رەحیم عەبوودی، سەرکردەی رەوتی حیکمە
رەحیم عەبوودی، سەرکردەی رەوتی حیکمە

K24 – هەولێر:

سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە، دەڵێت: تا ئێستا لەنێو سووننەکاندا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نییە و هیچ لایەنێکیش پاشەکشە لە مەرجەکانی خۆی ناکات.

ڕەحیم عەبوودی، سەرکردەی ڕەوتی حیکمە، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا ئێستا نەتوانراوە چاریەک هەبێت بۆ دیاریکردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمانی عێراق بدۆزرێتەوە، چونکە دیدگایەکی هاوبەش لەنێوان لایەنە سووننیەکاندا نییە، هاوکات هەموو ئەو هاوپەیمانێتیانەی کە ئێستا هەیە لە هەوڵدان بۆ چارەکردنی پرسەکە.

ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی حیکمە ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا لەنێو سووننەکان بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان نییە و هیچ لایەنێکیش پاشەکشە لە مەرجەکانی خۆی ناکات.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بڕوام وانییە لایەنی دەرەکی بتوانن کێشەکان چارە بکەن و، هەڕەشەی هەر لایەنێکی سیاسی لەبارەی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی کێشەکان چارە ناکات.

ڕەحیم عەبوودی، گوتی: کێشەکان لەسەر دیاریکردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕوونە و حزبی تەقەدوم دەیانەوێت کاندیدی خۆیان هەبێت بۆ پۆستەکە، هاوکات لە بەرامبەردا حزبەکانی عەزم و سیادەش دەیانەوێت کاندیدی خۆیان هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە چوارچێوەی هەماهەنگیی ماوەی یەک هەفتە مۆڵەت بە سوننەکان دەدات لەسەر پرسی سەرۆکی پەرلەمان ڕێبککەون، بە پێچەوانەوە لە پەرلەمان ئەو بەرکەوتەیە یەکلایی دەکەنەوە. ھاوكات سوننەكان داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەكەن بە زووترین کات هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بخاتە بەرنامەی کارەوە.