دادوەرێکی ئەمەریکی دادگاییەکی ترەمپی بۆ ماوەیەکی نادیار دواخست

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئایلین کانۆن، دادوەری ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەکات، ئەو دادوەرە ڕاشیگەیاند، دادگاییکردنەکە لەم دۆسیەیەدا بۆ ماوەیەکی نادیار دواخستووە.

بڕیاربوو دادگاییکردنەکە لە 20ـی ئایار لە ویلایەتی فلۆریدا دەستپێبکات، بەڵام دادوەر ئایلین کانۆن ڕایگەیاند، بەهۆی ژمارەی ئەو پێشنیارە سەرەتاییانەی کە پێشکەش بە دادگا کراون، لەو کاتەدا ناکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دادوەرە وادەی نوێی بۆ دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە دیاری نەکردووە.

کانۆن ڕوونیکردەوە، ئێستەدا باش نییە، وادەی دادگاییکردنێکی نوێ دیاری بکرێت، ئەمەش گومانی زیاتر دەخستە سەر توانای داواکاری گشتی فیدراڵی بۆ ڕەوانەکردنی ترەمپ بۆ دادگاییکردن پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی نۆڤەمبەردا. هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ جۆو بایدن ڕوویدا، لێکۆڵەران لە شوێنی نیشتەجێبوونی دۆناڵد ترەمپ بەڵگەنامەکانیان دۆزیەوە، وەک "نهێنی سەرەکی" پۆلێنکران، بەڵام ترەمپ لەسەر ئەم بابەتە بە تۆمەتی "کەمتەرخەمی لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان" دادگایی دەکرێت.

FBI  لە مانگی ئابی 2022 هەڵیکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ لە فلۆریدا و لەو کاتەدا دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند، ئەو بەڵگەنامە نهێنییانەی لەلایەن ترەمپەوە هەڵگیراون دۆزراونەتەوە.

لای خۆیەوە ترەمپ ڕەتیکردەوە هیچ کارێکی هەڵەی ئەنجامدابێت و ڕایگەیاند "پاڵنەری سیاسی لە پشت لێپێچینەوەکەیەوە هەیە".