مونا قەهوەچی: بڕیارەکەی دادگا هەنگاوێکی گرنگە تاوەکو سەرجەم لایەنەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن

مونا قەهوەچی
مونا قەهوەچی

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ڕایگەیاند، نیگەرانییەکی زۆر هەبوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی، بەڵام بڕیارەکەی دوێنێت دادگا، هەنگاوێکە بۆ ئەوەی دەرفەت بە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بدرێت تاوەکو بەشداری هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان بکەن.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، نیگەرانییەکی زۆر هەبوو کە کورسی کۆتاکان لەلایەن دادگای فیدراڵی هەڵوەشایەوە، هەروەها دوێنێ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا کارەکانی کۆمیسیۆن ڕابگرێت لەسەر ئەوبڕگەیە، دەبێت پێداچوونەوە بکرێت لەسەر کورسییەکانی پەلەمان و دابەشکردنی بەسەر چوار پارێزگادا.

مونا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بریارە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی دەرفەت بە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بدرێت تاوەکو بەشداری هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان بکەن، لەسەرەتاوە ناحەقی بەرانبەر بە پێکهاتەکان کراوە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکی سیاسی نەبوو. بەڵکو ناشرینکردنی سیمای پێکەوە ژیان بوو.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان گوتیشی: ئێمە لەو بڕیارەی دادگا چاوەڕوانی ئەوەدەکەین، دەرفەتێک بڕەخسێت زەمینەسازی بکرێت تاوەکو نوێنەرانی پێکهاتەی، تورکمان، کلدان، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن، بەشداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە ناکرێت هەڵبژاردن بەبێ نوێنەری پێکهاتەکان بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-05-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیارەکەی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، "بە شێوەیەکی فەرمی تەواوی ڕێکارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە".

هەروەها دوێنێ سێشەممە، 07-05-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانێکی "وەلائی" دەرکرد، بە مەبەستی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (2) لە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارە (7)ی ساڵی 2024، کە تێیدا هاتووە (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (100) کورسیی پێک دێت کە بەسەر ئەم بازنانەی هەڵبژاردندا دابەش کراون: پارێزگای هەولێر 34 کورسی،  سلێمانی 38 کورسی، دهۆک:25 کورسی و  هەڵەبجە 3 کورسی).

دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەکە بەردەوام دەبێت ئەمەش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی کە لە داهاتوودا چارەکردنی قورس دەبێت.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسین، هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەبنەوە.