عیماد جەمیل: ماوەی یاساییمان لە 7ـی 7 کۆتای دێت

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵ کارەکانمان ڕاگرتووە و ماوەی یاسایشمان لە 7ـی 7 کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی ئایاری 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەدوای ئەوەی بڕیارێک دەرچوو لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق، دیاربوو هەموو لایەنەکان داوایەکیان هەبوو، پەرلەمانیش بڕیارێکی دەرکرد، کۆمیسیۆنیش لەژێر ڕۆشنایی ئەم بڕیارە کۆبوونەوەی کرد و بڕیاریدا هەموو کارەکانی لە دارایی، هونەری و کارەکانی دیکە ڕابگرێت.

بە گوتەی جەمیل، "ئەم ڕاگرتنەی کۆمیسیۆن  لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی بووە، دیاریشی نەکردووە کەی بڕیاری کۆتایی خۆی دەردەکات لەگەڵ کۆمیسیۆن، و چۆن کاری خۆی بکات و ئامرازەکانی چۆن بن لە کارکردندا".

ئەو گوتی: "پێویستە پێشتر لیستی کاندیدەکان دیاری بکرێت، چونکە ئێمە وەک کۆمیسیۆن بە یاسایەک کاردەکەین کە تایبەتە بە هەڵبژاردن، زانیارییەکانمان بۆ دەستنیشان دەکرێت، ئەوانەی کە تایبەتن بە تانە گرتنن لە بڕیارەکان و لە دادگا، وایکردووە کە کۆمیسیۆن کارەکانی ڕابگرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".

عیماد جەمیش گوتیشی: "دادگای فیدراڵی ئێستە سەیری داواکان دەکات، کاتێک سکاڵاکان کۆتایی دێن، ڕێگەی تایبەت دیاری دەکرێن کە کەی هەڵبژاردن دەکرێت و کەی کارەکان دەستپێدەکەنەوە. ئێمە لەژێر ڕۆشنایی یاسای دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵاکە کاردەکەین".

جەمیل ئەوەشی خستە ڕوو، "داواکەی ئێستە کە کاریگەری کردووەتە سەر کۆمیسیۆن و هەموو ئەو کارانەی کە دەربارەی هەڵبژاردنن ڕاگیراون، کۆمیسیۆنیش بۆ 7ـی 7/ 2024، کارەکانی کۆتایی پێدێت و ناتوانین کار بکات. بڕیارەکانی دواتر ئاماژەمان پێدەدەن کە چیبکەین و چی بکرێت".

عیماد جەمیل باسی لەوەشکرد، دەبێت کاتێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنەکان دابنرێت، پێویستە پەرلەمانیش یاساکە هەمووار بکاتەوە ئەم ئەنجوومەنەی ئێستە هەیە بۆ کۆمیسیۆن، وادەکەی درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵبژاردنەکە بکات.

سەبارەت بەوەی کە یاسایەک هەبێت بۆ دواخستن، عیماد جەمیل لە وەڵامدا گوتی، "ئیستە یاسایەک نییە کە بڵێت هەڵبژاردنەکان مەکەن یاخود دوای بخەن، تەنیا ڕێکارەکان ڕاگیراون ئەمە بڕیارێکە کە دادگای فیدراڵ دەریکردووە. سەبارەت بە کۆمیسیۆن کە درێژ بکرێتەوە یاخود کۆمیسیۆنێکی دیکە هەڵبژێرین ئەمە کاری پەرلەمانە چی دەکات، و ئەم یاسایە یاسای ساڵی 2013 بوو لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە چی دەکرێت".

کارەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە پێویستە لە حوزیران هەڵبژاردن بکرێت هەموو کارەکانی تەواو کردووە، تەنیا هەندێک کار نەبێت لیستی کارمەندان و دامەزراندنی کارمەندان نەبێت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە.