دیندار زێباری: کابینەی نۆیەم پشکی شێری لە چاکسازیی بەڕێوەبردن بەرکەوتووە

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

K24 – هەولێر:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ڕایدەگەیەنیت؛ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستخۆشیی لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان کراوە. لەبارەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: کابینەی نۆیەم پشکی شێری لە چاکسازیی بەڕێوەبردن بەرکەوتووە.

دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی کارڤەدانی کوردستان24 کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی و تەناهیی هاووڵاتی لە سەرووی هەموو کارەکان دێت، هەروەها یەکێک لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پاراستنی خەڵکی مەدەنییە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئێمە لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووینەتەوە، یەکێ لەوانەی بوونی هێزی چەکداری حەشدی شەعبی بە تایبەت لە ناوچەکانی ماددەی 140، ئەو ناوچانە بوونەتە ئاڵناگارییەکی ئەمنیی بەرانبەر بە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆیە دەبینین لەو ناوچانە زوو زوو گرووپی تیرۆرستی دەردەکەون کە وایکردووە چەندین جار هێزەکانی هاوپەیمانان ئەو ناوچەنە بۆمباران بکەن.

ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هێزەکانی دیژەتیرۆر، ئاسایش و پێشمەرگە توانیوییەتی سنوورەکانی هەرێمەکە بپارێزێت، لەبارەی سنوورەکانی باکووری کوردستان ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: بوونی هێزی پەکەکە گرفتێکی زۆری دروست کردووە کە بووەتە هۆکاری چۆڵبوونی 400 گوند لە سنوورەکە، هاوکات بوونەتە بارگرانیش کە وا دەکات هێزی تەناهی زیاتر پاسەوانی ئەو سنوورانە بن.

دیندار زێباری گوتی: پەکەکە هێزێکی لە یاسا دەرچووە لە ژێر چەتری حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە و هێزەکە یاساکانی هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکات و بوونیشیان لە هەرێمی کوردستان نایاساییە.

ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێش دوو هەفتە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەستخۆشییەکی زۆری لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان کردووە، هەروەها لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش بەرەوپێشچوونی باش هەبووە لە پرۆسەکە و دەبێت تا کۆتایی ساڵی 2026 هێزەکانی یەک بگرنەوە. هەروەها گوتیشی: یەک هەژماری بانکی ناوەندیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دروست کراوە.

لەبارەی پڕۆسەی چاکسازی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند، پڕۆسەی چاکسازی ئەو دروشمەیە کە ئەو کابینیەی لەسەر دامەزراوە و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەڵگری دروشمەکەیە، هەم لە ئیدارەدان هەم حوکمڕانی.

ڕاشیگەیاند، کابینەی نۆیەم پشکی شێری لە چاکسازیی بەڕێوەبردن بەرکەوتووە، هەروەها لای خۆیانەوە دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی دارایی چەندین گەندەڵی داراییان ڕەوانەی دادگاکان کردووە، بڕیار وایە لە کۆتایی ئەم مانگە کۆنفرانسێکی گەورە ساز بکرێت لەسەر باسکردنی پڕۆسەی چاکسازی بە گشتی.

دیندار زێباری، لەبارەی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، هەرێمێکی کوردستان وەکوو نموونەیەکی زۆر پێشەنگ باس دەکرێت لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی پرسەکەوە، هەروەها لەبارەی پرسی ئاوارە و پەنابەرانەوە گوتی: هەرێمی کوردستان ئاوارە و پەنابەرێکی زۆری لەخۆ گرتووە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین کردوون.

جەخت دەکاتەوە لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بە شێویەکی ئارەزوومەندانە بۆ ناوچەکانی خۆیان، هەروەها سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناردنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان نییە.