شاد فیکرەت خەسرۆ: پسپۆرانی ناوخۆ ڕۆڵێکی باشیان لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی کارەکانی حکوومەت هەیە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە چوارەمین خولی دیداری "سیمێکس عێراق" و لە میانەی ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24، شاد فیکرەت خەسرۆ، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای مۆشن تەکنەلۆجیا ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان بە پشتیوانی دەستی کاری ناوخۆیی و دەرەکی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دەستیان کردووە بە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستەم و کارەکانی حکوومەت کە سوودی بۆ حکوومەت و هاووڵاتییانیش دەبێت.

شاد  فیکرەت خەسرۆ گوتیشی: "ئێستا لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستمان بە پرۆسەکە کردووە، یەکێک لە دامەزراوەکانیش وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە کار لە سەر بە ئەلیکترۆنی کردنی دەکەن و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر جەخت لە سەر جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکاتەوە".

هەروەها گوتی: پرۆسەکە لە هەردوو لایەنی کات و خەرجییەوە سوودی بۆ حکوومەت و هاووڵاتییان هەیە، جیا لەمەش بەڵگەنامەکان لەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە زیاتر پارێزراو دەبن.

لە بارەی ستافی کاری کۆمپانیاکەشی ئاماژەی بەوە کرد: جێگەی دڵخۆشییە لە هەرێمی کوردستان کەسانی خاوەن بەهرە و بیرۆکەمان هەیە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانیان کراوە دەرفەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی پرۆژەیان بۆ چارەسەری گرفتەکان هەبێت بۆ باشترکردنی پرۆسەکانی بە ئەلیکترۆنیکردن.

شاد  فیکرەت خەسرۆ ڕاشیگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنیان هەیە بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستەم و کارەکانی حکوومەت.