کۆریای باکوور ژێرده‌ریایی پێشكه‌وتووتر دروست ده‌كات

K24- هەولێر:

به‌م دواییانه‌ وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریانخستووه‌ کۆریای باکوور لە ژێر ڕۆشنایی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەتۆمی لە ژێر ئاوەوە، دەستی بە دروستکردنی ژێردەریایییەکی نوێ كردووه.

له‌م باره‌وه‌ ئاژانسی هه‌واڵی "بلومبێرگ"ـی ئەمه‌ریکی زانیارییه‌كی له‌ گرووپی لێکۆڵینەوەی "38 North" وه‌رگرتووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ژێردەریاییە نوێیەکە لە کارگەی کەشتیوانییەکەی باشووری شاری سینپۆ لە قۆناغی دروستکردنیدایە، و پێدەچێت قەبارەی هاوشێوەیژێردەریاییبێت  "Hero Kim Geun-ok" کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا ڕەوانەی قووڵاییه‌كانی ئاو کراوه‌ و پێدەچێت 10 مووشەکی بالیستیکی تێدا بێت.

ئاژانسی هه‌واڵی "بلومبێرگ"ـی ئەمه‌ریکی ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كردووه‌، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، ئارەزوویەکی زۆری بۆ پەرەپێدانی ژێردەریاییەکان هه‌یه‌ کە توانای هەڵدانی مووشەکیان هەیە، ئه‌مه‌یش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ مۆدێرنه‌كردن و نوێكردنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌ ژێردەریاییەکانی ئێسته‌ی وڵاته‌كه‌ی، کە دەنگەدەنگ لە ژێر ئاودا دروست دەکەن به‌م هۆیه‌یشه‌وه‌ ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنە شاراوه‌كان ده‌كات و به‌ ئاسانی ئاشكرا ده‌كرێن.

 کۆریای باکوور لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا، ڕێوڕه‌سمی به‌ڕێكردنی ژێردەریایی هێرشبەرە نوێیەکەی بە ناوی "هێرۆ کیم گێن-ئۆک" ده‌ست پێ كرد.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئه‌مه‌ریكی ساڵی ڕابردوو بڵاوی کردەوە، هەموو ژێردەریاییەکانی کۆریای باکوور بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن، بەڵام ڕەنگە کیم بەدوای تەکنەلۆژیادا بگەڕێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هیواخوازه‌ ڕووسیا یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی ژێردەریایییەکی بەهێزی ئەتۆمی.

ڕاپۆرته‌كه‌ی بلومبێرگ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، هێزە چەکدارەکان لە کۆریای باشوور گومانیان لە توانای دوو ژێردەریایی کۆریای باکوور هەیە بۆ هەڵدانی مووشەک، چونکە وێنەكانی مانگی دەستکرد ئاماژە بەوە دەکه‌ن کە یەکێک لە ژێردەریاییەکان گەڕاوەتەوە بۆ حەوزی دەریایی بۆ چاککردنەوە دوای ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکی تاقیکردنەوەی پێشوودا مووشەکێکی هەڵداوە.