شارەزایەکی بواری ژینگە: هەرێمی کوردستان دەتوانێت حەکیمانە ئاو دژی هەر بڕیارێکی عێراق بەکار بهێنێت

K24 - هەولێر

شارەزایەکی بواری ژینگە ڕایگەیاند، کلیلی سەوزکردنی کوردستان و بەردەوامبوونی، ئاوە، هەروەها هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئاو وەکو کارتی فشار بەرانبەر بە عێراق بەکار بهێنێت.

د. ڕەمەزان حەمزە، شارەزایی بواری ژینگە، بە کوردستان24ـی گوت: کلیلی سەوزکردنی کوردستان و بەردەوامبوونی، ئاوە، هەروەها سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش بۆ هەولێر و بەغدا بابەتی ئاو یەکێک بووە لە تەوەری سەردانەکە.

ڕەمەزان حەمزە گوتیشی: ئەمڕۆ کارتی ئاو لە دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ڕاستە ئەوکارانەی حکوومەت کردوونی گرنگە، بەڵام ئەو پۆند و بەنداوانەی دروست کراون ناچێتە چوارچێوەی ستراتیجی، چونکە ئەگەر وابێت دەبێت بەنداوی زەبەلاحمان هەبێت، کە چوار تا پێنج ملیار مەتر سێجا لە خۆبگرێت.

باسی لەوەش کرد، عێراق پێویستی بە ئاوە، هەروەها ئەو بەرەکەتەی ئەمساڵ هات، ڕەنگە هەمووساڵێک ئەو بەرەکەتەمان دەست نەکەوێت، کوردستان بەو کەمئاویەش هێشتا توانای هەیە ، بۆیە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە حەکیمانە ئەو کارتە بەرانبەر هەر بڕیارێکی عێراق بەکار بهێنێت، ئەگەر بیەوێت بەزۆر بەسەر هەرێمی کوردستان بسەپێنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-05-2024، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و حزبی، سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی و دیمۆگرافیی عێراق، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.