ژماره‌ی قوربانییانی غه‌ززه‌ بۆ 35303 كه‌س به‌رز بووه‌وه‌

هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌
هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌

K24 - هەولێر:

ژماره‌ی قوربانییانی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌رز بووه‌ و سوپای ئیسرائیلیش له‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه‌ و چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی به‌رده‌وامه‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 17ـی ئایاری 2024) وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ ڕایگه‌یاند، تادێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر دەبن و له‌ هه‌مان كاتدا برسییه‌تییه‌كی زۆریش ڕووبه‌ڕووی دانیشتووان بووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 35 هه‌زار و 303 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته 79 هه‌زار و 261 كه‌س.

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن. باسی له‌وه‌ش كردووه‌، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 31 هاووڵاتی كوژراون.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.