دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دواخرا

باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داخرا.

وابڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-05-2024، یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024 دواخرا.

لەبارەی هۆی دواخستنی دانیشتنەکە، ئەیاد کاکەیی، پارێزەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوو لە دادوەرەکانی دادگای فیدراڵی لە مۆڵەت دان، بۆیە دادگا بڕیاری دا دانیشتنەکە دوابخات.

وردەکاریی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی یەکشەممە، 06-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە، پارێزەر ئەیاد کاکەیی، سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد.

سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە؛ ڕێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی 11  کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکوەزیران داوای کردووە دادگاکە ئەو دابەشکارییە بە "نادەستووریی" بزانێت. 

رۆژی 22-02-2024، دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریی ناساندن. 11 کورسییەکە بەم شێوەیە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەشکرابوون: پێنج کورسی بۆ کریستیان، پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.

وەڵامی دادگای فیدراڵی بۆ سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بەپەلەی (ئەمری وەلائی) دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی رێکارەکانی جێبەجێ کردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 2ی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024.

بڕگەکە تایبەتە بە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کە پارێزگاکانی هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجەش سێ کورسییان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆ تەرخانکرابوو.

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوو، جێبەجێکردنی بڕگەکە ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە.