دیندار زێباری: یاساکانی بواری ئازادی ڕادەربڕین یاسای پێشکەوتوو و بەرکارن

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "ئەو یاسایانەی کە گرێدراون بەبابەتی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، یاسای پێشکەوتوو و بەرکارن لە سەر ئاستی هەرێم".  

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەو یاسایانەی کە گرێدراون بەبابەتی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، یاسای پێشکەوتوو و بەرکارن لە سەر ئاستی هەرێم".  

ئاماژەی بەوەش کرد، "یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری ژمارە 11ـی ساڵی 2013، ڕاستە رێنماییەکان دەرنەچوونە بەڵام ئێمە ڕێکاری تایبەتمان دەربارەی ئەو یاساییە دەرکردووە و ئێستا لە بواری جێ بەجێ کردندان."

دیندار زێباری باسی لەوەش کرد، "یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان ژمارە 11ـی ساڵی 2010 بەرکارە لە هەرێمی کوردستان و ئەرکەکانی جێبەجێ دەکرێت لە سەر ئاستی دەسەڵاتی جێ بەجێ کردندا، هەروەها یاسای کاری ڕۆژنامەوانی ژمارە 35ـی ساڵی 2007، ئەو یاسایەش بەرکارە، کەیسمان لەبەردەستە کە دادوەرەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەو یاسایە جێ بەجێ دەکەن."

دەشڵێت: "یاسای چاپەمەنی ئەویش گرێدراوە بە ئازادی ڕادەربڕین، بەرکارە. وە ئەو هەنگاوانەی بۆ ئێمە گرنگە و لەداهاتوودا دەبێت بکرێت، یاسای ڕۆژنامەگەریی ساڵی 2007ـە و دەبێت هەموار بکرێتەوە، کە بگونجێت لەگەڵ پێشخستنی بواری مێدیایی کە زیاتر دیجیتاڵییە."