قوباد تاڵەبانی: لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ بەغدا ڕێک کەوتووین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ بەغدا ڕێک کەوتوون. دەشڵێت، ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-05-2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە حکوومەتی فیدراڵی، وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان

لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە حکـوومەتی فیدراڵی، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەوەی دەبێت ئەم داهاتە (داهاتە نانەوتییەکان) ڕادەست بکرێت" و ئەوەی ماوەتەوە میکانیزمی ڕادەستکردنەکەیە.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، شاندەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دەچنە بەغدا و شاندەکانی حکوومەتی عێراقیش کە دێنە هەولێر، لەسەر میکانیزمی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان ڕێک دەکەون.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی قوباد تاڵەبانی، "هیچ لارییەکی نییە لەگەڵ ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا".

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

لە وەڵامی پرسیاری "ئایا ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت؟" جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەڵێ، ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت".

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆ دەبێتەوە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی 95 کورسییەکەی دیکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا، دوای ئەوەی پێنج کورسی لە چوارچێوەی 100 کورسییەکە بۆ پێکهاتەکان تەرخان کران.