کۆگایەکی پاککەرەوە و کارتۆن لە ناحیەی کەسنەزان ئاگری گرت

ئەمڕۆ هەینی، 24ـی ئایاری 2024، لە گوندی کانی گەنەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ئاگر لە کۆگایەک بەربووە، کە شوێنی ماددەی پاککەرەوە و کارتۆن بووە، دواتر پێنج تیمی بەرگری شارستانی چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، کە توانیوویانە لەسەدا 80 ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

عەبدولواحید، کە خاوەنی کۆگاکەیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "وەستای ئیزۆگام هاتووە و کاری بە پەرەمێز کردووە بۆیە ئاگری گرتووە، دەشڵێت: "کۆگاکە شوێنی هەڵگرتنی کارتۆنە، سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نەبووە و دەستخۆشیش لەتیمی بەرگری شارستانی دەکەم کە هیلاک و ماندووبوون".

لەبارەی زیانەکانەوە گوتی: چوار کۆگا بووە هەمووی بەتەواوی سووتاوە، بۆیە لە ئێستادا نازانین زیانەکان چەندە.

شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، ئاماژەی بەوەکرد،  "ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە بەکەوتنەوەی ئاگرێک لە گوندی کانی گەنی لە ناحیەی کەسنەزان، کە ئاگرەکە لە کارگەی زاهی و پاککەرەوەی ماڵان کەوتووەتەوە،  گوتیشی: بەداخەوە ئاگرەکە بەهۆی کەمتەرخەمی چەند کەسێکەوە بوو کە ئیزۆگامیان کردووە، بەو هۆیەشەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە و کۆنترۆڵیان لەدەست دەرچووە".