نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە بەرنامەی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکات

مه‌سرور بارزانی و نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان تاووتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی هه‌رێمی كوردستان، دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، له‌گه‌ڵ جینین هینیس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تاووتوێ ده‌كات.

ئەمڕۆ سێشەممە 2/7/2019 مەسرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جینین هینیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، وێڕای تاووتوێکردنی پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و رەوشی ناوچەکانی تایبەت بە ماده‌ی (140) تاووتوێکرا و جەخت لە چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور کرایەوە.

لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان، لە نێویاندا ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووك و ئادەدانکردنەوەی ناوچە زیانمەندەکانی شەڕی تیرۆریستان داعش و رایگەیاند، چاودێری و سەرپەرشتکردنی پرۆسەکە لەلایەن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بە پێویست دەزانرێت.

لەلای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هەوڵ و بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو لە بواری چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشە  و پرسە هەڵواسراوەکان نیشاندا.

ئ. م