"گەردانە"
K24 – ههولێر:
پیاوێک لەسەرووی 60 ساڵی تەمەنیەوە دەگەڕێ و سەرگەردانە. ئەو زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی باشوور گەڕاوە هەر لە بادینانەوە تاکو گەرمیان، ئەو دەروێشی رێگەی کتێب و خوێندنەوەیە.
"ئەنوەر عازەبانی" خاوەنی کتێبخانەیەکی گەڕۆکە به ناوی "گەردانە" رۆژانە بە خۆی و بارهەڵگرێک لە کتێب شاربەشار لەگەڕان بەردەوامە و کتێب دەفرۆشێت. ئەو بەعەشقەوە خەڵکی بانگهێشتی خوێندنەوە دەکات، لای گرنگ نیە چەند دەفرۆشێت و کێ لێی دەکڕێت گرنگ ئەوەیە خەڵکی تەنها بخوێننەوە. ئەو وتی 3 ساڵە دەستم داوەتە ئەم کارەم. لەبارەی ناوی گەردانەوە وتی: بەمانای گەڕانی زۆر و شوێن بەشوێن دێت لەگەڵ ئەوەشدا گەردانە جۆرێکە لەملوانکەی کوردەواری گەردنی ئافرەتان.
ئێستا گەردانە میوانە لە دەربەندیخان وا بڕیارە دووسبەی بچێتەوە گەرمیان.
فۆتۆستۆری: کاروان یارە