بنه‌سڵاوه‌.. كوڕێك به‌ ده‌مانچه‌ دایك و خوشكێكی بریندار ده‌كات و راده‌كات

دوای ته‌قه‌كردن نارنجۆكێكی هه‌ڵداوه‌ته‌ ناو ماڵی باوكی

K24 - هه‌ولێر:

لە بنەسڵاوە ھاووڵاتییەك تەقە لە خوشك و دایکی دەکات و بریندارییان دەکات  کە حاڵەتی خوشکەکەی ناجێگیرە و تا ئێستا تۆمەتبار دەستگیرنەكراوە و  بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێریش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ تاوانەکە کردووەتەوە و بەدوای کەسی تاوانباردا دەگەڕێت.  

سەر لە ئێوارەی 18 ئەم مانگە، کوڕێك ھێرش دەکاتە سەر دایك و خوشکەکەی و  تەقەیان لێدەکات  و ھەردووکیان بریندار دەکات، جگە لە مەش نارنجۆکێك فڕێ دەداتە ناو چێشتخانه‌ی ماڵەکەیان.

کچی بچووکی ماڵەکە، کە ئاگاداری چیرۆکەکەیە، لەو کاتەدا لە ماڵ بووە، باس لەوە دەکات کە براکەی لە دوای ئەوەی دێتە ژوورەوە، بەزۆر ئەو دەنێرێتە دەرەوەی ماڵەکە و  راستەوخۆ بە دەمانچە تەقە لە دایکی دەکات.

مام فەیزووڵڵا کە ھێشتا شۆکی لە دەستدانی کوڕێکی بەری نەداوە، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە باسی حاڵ کچە بریندارەکەی دەکات کە دکتۆر ماوه‌ی 72 كاتژمێری بۆ داناوه‌.

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا تاوانبارەکە دەستگیرنەکراوە، پۆلیسی ھەولێر پەڕاوی لێ کۆڵینەوەی بۆ  رووداوەکە کردووه‌تەوە و ھێزەکانی پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێن.

گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێریش باس لەوە دەکات، رووداوه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌  کێشەی کۆمەڵایەتی خێزانەکەوه‌ هه‌یه‌، كه‌ ھۆکار بووە بۆ ئەم رووداوە.

کەژاڵ عه‌زیز، تەمەن 45 ساڵ و مەریەم فەیزووڵڵای تەمەن 27 ساڵ، ڕۆژی 18ى  ئەم مانگە  نزیك کاتژمێر 5ى ئێوارە، بە دەمانچە بریندار دەکرێن, کەژاڵ گوللـە بەر سنگی کەوتووە و مەریەمیش بەر سەری کەوتووە، ئێستا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێرن، بەڵام باری تەندرووستی مەریەم نا جێگیرە، کەسوکارەکەشیان داوا دەکەن ھەرچی زووە تاوانبار بە سزای یاسایی بگەییەنرێت و ھێزە ئەمنییەکان پەلە بکەن لە دەستگیر کردنی.

ئ. م