ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە شووتی پێنجوێن رادەگەیەندرێت

"تێمێكی 8 كەسی سەردانی ھەموو كێڵگەكان دەكات"

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لەبارەی بەرھەمھێنانی شووتی پێنجوێن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد و لە رێگەی كوردستان24 ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاشكرا دەكەن.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەدواچوونی سەرەتاییمان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە كردووە، لە یەكەم رۆژی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە كشتوكاڵی پێنجوێن و گرمك-مان ئاگاداركردەوە و چوون سەردانی ئەو كێڵگەیان كرد كە لە گرتە ڤیدیۆكە پیشان دەدرێت، ھەروەھا تیمێكی 8 كەسی پسپۆڕ لەوبوارە پێكھێنراوە و دەچن سەردانی كێڵگەكان دەكەن".

گوتیشی: "ئەو جۆرە دەرمانەی باس كراوە لە ھەموو جیھان بۆ كشتوكاڵ بەرھەم دەھێندرێت، بۆیە ھیچ كاریگەرییەكی وای نییە تا خەڵك لێی بترسێت".

روونیشی كردەوە: "ئەو مادانەی لە گرتە ڤیدیۆكە پیشاندەدرێن لە ھەموو دونیادا رێگە پێدراوە، بەڵام بە رێژەیەكی دیاریكراو، جوتیارەكانی پێنجوێنیش شارەزان لە بەرھەمھێنانی شووتی دەزانن بۆ ھەر دۆنمێك چەند بەكار دەھێنن، تائێستا ھیچ بەڵگەیەك نییە كە جوتیارێك ئەو مادانەی زیاد لە رێژەی ستاندار بەكارھێنابێت".

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد: "بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كە باس لە شووتی پێنجوێن دەكات، كاریگەری كردووەتە سەر بازاڕ و دەروونی خەڵك".

ھ.م