ئه‌مه‌ریكا: كوردستان پارێزراوترین شوێنه بۆ هێزه‌كانمان
K24- هه‌ولێر:
جێمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، ھەرێمی كوردستان بۆ ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە پارێزراوترین شوێن دەزانێت، ئەمەش دوای ئەوەی رایگەیاند، لە ھەرێمی كوردستان ھیچ مەترسییەك لەسەر سەربازەكانی ھاوپەیمانان نیە، چاودێرانی سیاسیش ئەمە بە ئاماژەیەكی ڕوون دەزانن، بەوەی ھەرێمی كوردستان بەلای ئەمه‌ریكاوە پێگەیەكی ستراتیژی ھەیە.
كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی ئینیستیۆتی توێژینەوەی ئەمه‌ریكی - كوردی له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: مه‌به‌ست له‌م قسانه‌ی جێفری ئەوەیە كە ھەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگ و ستراتیژی هه‌یه.
عادل كاكه‌یی، شاره‌زای سه‌ربازیش هۆكاری ئه‌و قسانه‌ی نێده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێنێته‌وه، كه لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لەلایەن ئەمه‌ریكا و ھاوپەیمانانەوە، تا ئێستا لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق ھەزاران سەربازی بیانی كوژراون، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان بە پێچەوانەوە، تەنانەت یەك سەربازی بیانیش زیانی پێ نه‌گه‌یشتووه.
قسەكانی جیمس جێفری دوای ئەوە دێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دەركردنی ھێزە بیانییەكانی داوە، تەنانەت موقتەدا سەدر، رێبەری رەوی سەدریش ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر ھێزەكانی ئەمه‌ریكا له عێراق نەكشێنەوە، ئەوا وەك داگیركا‌ر و دوژمن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، ئه‌مه‌ریكاش رایگه‌یاندووه، ئه‌وان تا ئێستا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق نه‌كردووه.
H.B