كوردستان 24 چیرۆكی تراژیدیای ژیانی هاووڵاتیێكی ههژاری شاری بهغدا دهگێڕێتهوه
K24- بهغدا:
لە شارۆچكهی حوسێنیەی سەر بە شاری بەغدا, پیاوێکی بە تەمەنی خاوهن پێداویستی تایبهت لهبهر ھەژاری و کەمدەرامەتی, تەرمی مناڵێکی لە بەردهم دەرگای ماڵەکەی خۆی به خاك سپاردووه، دراوسێکانیشی دەلێن ئەو پیاوە ئەوەنده دەست کورتە, توانای دابینکردنی ژەمە خواردنێکی نیە بۆ مناڵەکانی.
لهمبارهیهوه باوكی عادل کە خاوەنی سێ منداڵە، بە قۆڕگی پڕ گریانەوە چیرۆکی ناشتنی تەرمی منداڵە تەمەن سێ مانگەکەی بۆ كوردستان 24 دهگێڕێتهوه، کە بەر لە 7 مانگ لە درەنگانێکی شەودا، بە ھۆی نەخۆشی مێشکەوە کۆچی دوایی کردووە و لەگەڵ دراوسێکانی لە بەر دەرگای ماڵەکەی خۆی تەرمەکەی ناشتووە.
ئەو پیاوە پیرە کە ماوەی 4 ساڵە قاچی شکاوە، توانای رۆیشتنی نیە، بۆیە خانەوادەکەی ژیانێکی کەمدەرامەت دهگوزهرێنن و نەشیتوانیوە ژیانی مناڵە نەخۆشەکەی رزگار بکات و لە دوای مردنیشی وەك ھەر مرۆڤێکی دیكه تهرمهكهی له ناو گۆڕستان بینێژێت، دەشلێت: ناتوانم تەنانەت ژەمە خواردنێك بۆ منداڵەکانی دیكهم دابین بکەم، چاوی لە دەستی خێرخوازە.
باوکی عادل نیگەرانيشە لەوەی کە حکومەت ھیچ ئاوڕێکی لێ نەداوەتەوە، چەند جارێك ھەوڵی ئەوەی داوە گورچیلەی خۆی بۆ خۆراکی منداڵەکانی بفرۆشێت, بەڵام خێزانەکەی رێگەی پێنەداوە، ھاوکات چەند کەسێکیش ھاتونەتە ماڵەکەی بۆ ئەوەی یەکێك لە مناڵەکانی بکڕن, بەڵام وەك خۆی دەڵێت: جەرگ شیرینە و ڕازی نەبووە.
باوکی عادل یەکێکە لەو ھەزاران ھەژارەی کە نشتەجێی بەغدای پایتەختن، لە دواین راپۆرتیشتدا نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە, رێژەی ٢٢% ى دانشتوانی عێراق لە ژێر ھێڵی سووری ھەژاریەوەن، بە ھۆی ئەو گەندەڵیانەی کە ئاستی ولاتەکەی گەیاندوەتە شەشەم ولاتی گەندەڵ لە جیھاندا.
H.B