حكوومەتی ھەرێم زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا كۆنترۆڵ دەكات

لە ھەموو شاروشارۆچكەكان پێوەری زیرەك دادەنرێت
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی دانانی پێوەری زیرەك، زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا كۆنترۆڵ دەكات و پڕۆسەكە لە چەند شار و شارۆچكەیەك جێبەجێ دەكرێت و لە گەرمیانیش دەستیپێکردووە بڕیاریشە لە ماوەی کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا پێوەری کارەبا بۆ زیاتر لە 74 ھەزار ھاوبەشی کارەبا لە قەزاکانی کفری وکەلار و ناحیەکانی سەر بەو دوو قەزایە دابنرێت.

لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، له‌ رێگه‌ی تیمێكی ئه‌ندازیاری دەستکراوە بە به‌ستنی پێوەری زیرەکی کارەبای ماڵان، بۆ هه‌ر ماڵێك 60 ئه‌مپێر كاره‌با دیاركراوه‌و له‌ ئه‌گه‌ری زیاتر به‌كارهێنانی كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی تۆماتیكی ته‌زووی كاره‌بای به‌كاربه‌ر ده‌پچڕێت، وه‌ك هۆشیاركردنه‌وه‌یه‌كی له‌ زیاد به‌كارهێنان دوای چه‌ند خوله‌كێك كاره‌بای بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

لەسنووری ئیدارەی گەرمیان زیاد لە 74 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە، ئەگەر هیچ بەربەستێک نێتە پێش تیمەکانی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا، لەماوەی کەمتر لە ساڵێك و شه‌ش مانگ به‌ستنی ته‌واوی پێوه‌ره‌كان ته‌واو ده‌كرێت.

لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 700 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، تا ئێستاش 10% پێوەری زیرەک لە سەرتاسەری کوردستان بۆ هاوبەشەکان دانراوە، ئەم پێورە نوێیەش هه‌نگاوێكه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بڕ و رێژه‌ی به‌كارهێنانی كاره‌با و نه‌هێشتنی زێده‌ڕۆییه‌كان.

ھ.م