ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان ئاشكرا كرا
K24 - سلێمانی
دوای كۆتاییھاتنی كۆبوونەوەی شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی رۆژناوانیدا سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان باسی لە ناوەڕكی كۆبوونەوەكە كرد و رایگەیاند "پێویستە كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی لەنێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان بكرێت، بۆ ئەوەی ھەم پشتیوانیی لە كابینەی حكوومەت بكرێت و ھەمیش گوتارێكی ھاوبەشمان ھەبێت".
عەدنان عوسمان، سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان گوتی: "پێویستە پەیوەندیی لەنێوان ھەموو لایەنە سیاسییەكاندا ھەبێت، بەتایبەتی ئەو سێ لایەنەی كە بەشدارن لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت".
گوتیشی: "ئێمە پشتریش داوامان كردووە كە كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ھەبێت، بۆ ئەوەی ھەم پشتیوانیی بۆ كابینەی حكوومەت ھەبێت، ھەمیش گوتارێكی سیاسیی ھاوبەش ھەبێت بۆ پرسی چاكسازیی، ھەروەھا لە ئاستی عێراق و ھەموو ناوچەكەشدا گوتارێكی یەكگرتوومان ھەبێت".
سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە كۆمەڵێك رێككەوتنی گرنگمان لەگەڵ یەكێتی ھەیە و پێویستە ھەردوولا پابهندی رێككەوتنەكانمان بین".
ھ.م