خەڵكی سلێمانی ھۆڵەكانی سینەما چۆڵ ناكەن

سینەما بەشێک لە هونەرمەندان و سینەماکاران کۆدەکاتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە سلێمانی رێژەی بینەر و سەردانیکارانی سینەما زیاد دەبێت، بە جۆرێک زۆرێک لە خێزانەکان ھەفتانە سەردانی سینەماکان دەکەن و بینەری ئەو فیلمانەن کە لە جیھاندا نمایشدەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە کە سینەمایەکی گەورەش لە نێو ماڵەکانیاندایە بە زمانی وەرگێڕدراو، جگە لەوەی سینەما لە سلێمانی بۆتە جێی گفتوگۆ و کۆڕی ھونەرمەندان و سینەماکاران و گەنجان و گۆڕینەوەی بیروڕاکانیان و لێکدانەوە بۆ فیلمەکان.

تەمەنی سینەما لە شاری سلێمانی زیاتر لە سەدەیەکە وەک بەشێکی ژیانی کۆمەڵایەتی دەبینرا و خێزانەکان بە کۆمەڵ دەچوونە سینەما، چەندین ھۆڵی سینەما ھەبوون تا دەگاتە ئێستا کە سینەما بە جۆرێک پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە کە بە چەند جۆرێک لە سینەما لەبەردەستدایە، یەکێک لەوانە ئەو ماڵپەڕەیە کە چەند گەنجێکی خۆبەخش بەرێوەی دەبەن و سەرجەم فیلمەکانی کاری وەرگیڕانی بۆسەر زمانی کوردی بۆ دەکەن، تا بینەریان پێ ئاشنا بکەن، وەک ھاوکاریەک بۆ ئەو کەسانەش کە ناتوانن بچنە سینەماکان.

ساڵانی قەیرانی دارایی و  ھەموو ئەو دۆخە خراپانەی بەسەر ناوچەکەدا ھات نەیتوانی بینەر و عاشقنی سینەما بتۆرێنێت، بە جۆرێک لە سینەما گەورەکەی سلێمانی چەندین ھۆڵی دیکە کرانەوە و سەرجەم ئەو فیلمانەی لە جیھان پەخشدەکرێن بە ھەمان کات و کوالیتی پەخشدەکرێن و خێزانەکان و گەنجان بەردەوام میوای ھۆڵەکانی سینەمان. جگە لەوەی لەنێو ئەو قەیران و جەنجاڵیانەی روویاندا سینەمایەکی دیکە لەنێو سلێمانی بە شێوازێکی جیاواز کرایەوە کە بیرۆکەی چەندین گەنج و ھونەرمەند و سینەماکارانی تێدا رەنگدایەوە، کە بێجگە لە پیشاندانی فیلمەکان دواتر چەندین گفتوگۆی لەسەر دەکرا.

کەسانی شارەزاو چاودێری فیلم و سینەماکان ، ھەریەک لەو سینەمایانە بە دور ناکەن لە چاودێری و رەخنەکانیان، لە ھەمانکاتیشدا بەرەو پێشخستنی رەوتی رۆشنبیری و ھونەر لە رێی زیادکردنی سینەماکانەوە بە گرنگ دەزانن.

ھ.م