بەرھەمەكانی حوسێن میسری لەبیر ناكرێن

حوسێن میسری دەرهێنانی بۆ هەشت درامای تەلەفزیۆنی کردووە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

10 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند ‌و دەرهێنەری‌ ناسراوی‌ كورد حوسێن میسری،‌ تێدەپەڕێت كە بە یەكێك لە ئەكتەر ‌و دەرهێنەرە سەركەوتووەكانی‌ كورد هەژمار دەكرێت لە بواری‌ شانۆ و درامای‌ تەلەڤزیۆنیدا، هەر لەم بوارەشدا خاوەنی‌ چەندین بەرهەمە، دیارترینیان ئەو دراما تەلەڤزیۆنیانە بوون كە لە ماوەی‌ چەند ساڵی‌ رابردوو پێشكەش بینەرانی‌ كوردی‌ كردووە.

دوای 10 ساڵ كۆچی دوایی حوسێن میسری، ھێشتا  دراماکانی  خۆر نەوازان، رەشەی پۆلیس، درامای جومعە، حەسەنە فەنی، لە بیری ھاووڵاتیان بە زیندوویی ماونەتەوە.

عەبدولی حەمە جوان، یەکێکە لە ھونەرمەند و کارەکتەرە دیارەکانی کورد و لە زۆربەی  کارەکانی  حوسێن  میسری نواندنی کردووە، ھۆکاری  مانەوەی  کارەکانی  حوسێن  میسری  لە ناو خەڵکدا بە زیندوویی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە زیاتر  باسی لە کێشە و گرفتەکانی  ناو کۆمەڵگە کردووە.

عەبدولی حەمە جوان، بە كوردستان24ی گوت: "تا ئێستا درامای كوردی نەیتوانیوە شتێكی زیاتر لە حوسێن میسری بكات، راستە پێش راپەڕین درامای كوردی ھەبووە، بەڵام حوسێن میسری توانی درامای كوردی دروست بكات. ھاوكات توانی كۆمەڵێك ئەكتەر بە خەڵك بناسێنێ. كاتێك دراماكانی حوسێن بەخش دەكران، شەقامەكان چۆڵ دەبوون، كارەكانی كاریگەریی زۆریان لەسەر بینەری كورد ھەیە".

بەشێک لەو کارە ھونەریانەی کە لە چەند  ساڵی رابردوو لە لایەن ھونەرمەند و دەرھێنەرانەوە ئەنجام دراون، بەراورد بە بەرھەمە تازەکان، بۆچوونی جیاوازیان لەسەرە، بەشێک لە ھونەرمەندان پێیان وایە ئەو کارانەی جاران بەرھەمھاتوون، زیاتر چوونەتە ناو دڵی بینەران، سەرەڕای ئەوەی بە ئامێر و تەکنیکی سادە و ساکار کراون، بەراورد بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئێستا.

ھونەرمەند سەردار خەلیل، لەو بارەیەوە دەڵێ: "ئەگەر سەیری دراماكانی حوسێن میسری بكەیت، ھێشتا لە زەینی خەڵكدا ماونەتەوە".

حوسێن میسری خاوەنی 21 کورتە دراما و نووسین و سیناریۆ و دەرھێنانی 8 درامای درێژی تەلەڤزیۆنییە. لە رۆژی 31ی ئایار 2009 بە جەڵدەی دڵ لە سلێمانی کۆچی دواییکرد.

ھ.م