چه‌ند هه‌نگاوێكی دیكه‌ی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاڵپشتیكردنی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامه‌ ده‌بێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە کوردستان 24ی راگەیاند، هەرچەند وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر خاڵەکانی پرۆژەی چاکسازی پێشمەرگە جێبەجی بکات ئەوەندە زیاتر لەلایەن هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی دەکرێت. 

گوتیشی: "لە ساڵی نوێ بڕیارە چەندین هەنگاوی دیکە لە پرۆژەکە جێبەجێ بکرێن لەوانە بە ئەلیکترۆنیکردنی پێدانی مووچەی هێزی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی زیاتری لیواکانی پێشمەرگە".

هاوکات کونسوڵی بریتانیا بەگرینگی دەزانێ هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە بەرهەم بێ، تا رووبەڕووی مەترسییەکانی داهاتوو ببێتەوە.

هیچ کاتێك هێندەی ئێستا باس لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نەکراوە، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چ حکوومەت و چ سەرۆکایەتی هەرێم چەند کۆبوونەوەیەکیان لە بارەی پرۆسەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد ، کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی ریزەکانی پێشمەرگەیە بەجۆرێک ببێتە هۆکاری بەرهەمهێنانی هێزێکی پتەو و یەکگرتوو.

ئەمانە هەمووی بە پاڵپشتی هێزە هاوپەیمانەکانه‌، کە وەك خۆیان دەڵێن چەندی پێشمەرگە یەکگرتووبێت ئەوەندە ،هاوکارییەکانیان زیاتر دەبێ.