گۆڕان: ته‌نها گرنگی به‌ رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ده‌ین

"ئه‌وه‌ی گرنگه‌ پێكهێنانی حكوومه‌ته‌"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

دوای ئەوەی ھەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە لەگەڵ گۆڕان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بەیەکەوە ڕێکبکەون یاخود ڕێکەوتنە کۆنەکان زیندووبکەنەوە بە مەبەستی دروستکردنی ھاوسەنگی ھێز، پەرلەمنتارێکی گۆڕان دەڵێت: "ئەوە ھەر بابەت نیيە لای گۆڕان، بەڵکو ئەوەی بەلای گۆڕانەوە گرنگە جێبەجێکردنی ئەو رێکكەوتنەیە ب پێکھێنانی حکومەت کردوومانە".

پارتی و یەکێتی و گۆڕان، ئەو سێ لایەنە سه‌ره‌كییه‌ن رێکكەوتنی کۆتاییان کردووە بە مەبەستی پێکھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی ھەرێم، نەیانشاردووه‌تەوە کە کاری لە پێشینەیان جێبەجێکردنی رێکكەوتنەکانە بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بەڵام ماوەیەکە ھەندێک بەرپرسی یەکێتی لە ژێر ناوی دروستکردنی ھاوسەنگی ھێز، باس لە نزیکبوونەوەیان دەکەن لەگه‌ڵ بزووتنەوەی گۆڕان.

ئەندامێکی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی لێکتێگەشتن لە گەڵ گۆڕان بە گرنگتر دەزانێت لە رێکكەوتن، دەڵێت ئەزموونی رێکكەوتنمان ھەیەو ئەنجامەکەی دیارە، ھاوکات رێکكەوتنی دیکە بەدەر لەو رێكکەوتنانەی کە بۆ پێکھێنانی حکوومەت کراوە بە زیادە دەزانێت.

لە ماوەی رابردوودا گۆڕان، یەکێتی تۆمەتبار دەکرد بە جێبەجێنەکردنی رێکكەوتنەکانی پێشوویان، پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەڵێت: "ئەوەی باس دەکرێت ھەر بابەت نییە لای بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵکو کاری لە پێشینەیان گرنگیدانە بەو رێکكەوتنەی کە کردوویانە بۆ پێکھێنانی حکوومەت و جێبەجێکردنیەتی وەک خۆی".

پارتی رێكکەوتن بە مافی ھەموو حزبەکان دەزانێت، بەڵام بەرپرسێکی ئەو حزبە دەڵێت ھەموو رێکكەوتنێک خزمەت بە خەڵکی کوردستان دەکات، بەمەرجێك مەبەست لێی خزمەتکردن بێت بە خەڵکی کوردستان نەک مەبەستی دیکەی لە پشتەوە بێت.

پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان کەمترین کات له‌ حاڵەتی  ئاساییبوونە، زۆربەی کات بەرامبەر بەیەک توندبوون ، لە ١٧/٥/٢٠١٦ ئەو دوولایەنە رێکكەوتنێکی سیاسیان واژۆکرد، بەڵام ھیچ بەرھەمێکی نەبوو گۆڕانیش لای خۆیەوە ئەو رێكکەوتنەی بۆ کاتێکی نادیار ھەڵپەساردووە.