كوردێك كاندیدی یه‌كه‌مه‌ بۆ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی حزبێكی دانیمارك

خوازیاره‌ ببێته‌ ده‌نگی هه‌موو په‌نابه‌ران و كوردستانیان له‌ په‌رله‌مان
kurdistan24.net

K24 - كۆپنھاگن

كوردێك له‌ دانیمارك جگه‌ له‌وه‌ی به‌ربژێری ژماره‌ یه‌كی پارتیی سوسیالیستی خه‌ڵكه‌ بۆ په‌رله‌مانی دانیمارك، له‌ هه‌مانكاتدا كاندیدی یه‌كه‌میشه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی پارتییه‌كه‌ی. سه‌رداڵ به‌نلی، له‌ باكووری كوردستان له‌دایك بووه‌ و خوازیاره‌ بچێته‌ ناو په‌رله‌مانی دانیمارك و ببێته‌ پردێك له‌ نێوان كوردستان و دانیمارك.

سه‌رداڵ به‌نلی، ماوه‌ی 20 ساڵه‌ ئه‌ندامی ئه‌و پارتییه‌یه‌ و چه‌ندین به‌رپرسیارێتیی جیا جیای هه‌بووه‌ و خوازیاره‌ ببێته‌ ده‌نگی هه‌موو په‌نابه‌ران و كوردستانیان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌.

سه‌رداڵ به‌نلی، بە كوردستان24ی گوت: "ھیوادارم خەڵك متمانەم پێ بدەن، بۆ ئەوەی ببمە دەنگی كورد و ھەموو گەلانی دانیمارك، ئەگەر سەركەوتم، لە پەرلەمان دەبمە دەنگی پەنابەر و كوردستانیان".

بۆ  ناساندن و شاره‌زاكردنی راستییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی و خه‌بات و ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، پێویسته‌ ده‌نگی كورد له‌ ناو ناوەندەكانی بڕیاردانی وڵاتان بێت. سه‌رداڵ ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌رگاكان بۆ كورد له‌ ناو په‌رله‌مانی دانیمارك بكاته‌وه‌.

سه‌رداڵ دە‌ڵێ: "كوردستان له‌ ناو دڵمه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك و له‌ هه‌ر جێگایه‌كی ئه‌م جیهانه‌ بم، هه‌ر كوردم، بۆیه‌ ده‌مه‌وێ بچمه‌ ناو په‌رله‌مانی دانیمارك، بۆ ئه‌وه‌ی ببمه‌ پردێك له‌ نێوان كوردستان و دانیمارك".

ھ.م