سه‌رۆكی حكوومه‌ت جگه‌ له‌ خه‌ڵات سوپاسنامه‌ پێشكه‌ش به‌ كارگوزارێك ده‌كات

دوای ده‌وامی فه‌رمی خۆی تا دره‌نگانی شه‌و كار ده‌كات
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ھەفتەی رابردوو رەفعەت محەمەد لە بەرنامەی ھەفتانەی كوردستان24، وەك كارگوزارێكی ماندوو و دڵسۆز بۆ كارەكەی، بە بینەران ناسێندرا. جیاوازی ئەو، لەوەدایە، دوای تەواوبوونی ده‌وامی رۆژانەی وەك خۆبەخش تا درەنگانی شەو، لە كاركردن بەردەوام دەبێت و ناھێڵێت شەقامەكان بە پیسی بمێننەوە. ئەو، ماوەی 20 ساڵە ئەوە پیشەیەتی.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، یەكێك دەبێ لە بینەرانى ئەم راپۆرتەی كوردستان24 و لە رێی گوتەبێژی حكومەتەوە، سوپاسنامەیەك بۆ كارگوزارەكە دەنێرێت و خەڵاتی دەكات.

كارگوزارەكە و گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە نووسینگەی سەرەكی كوردستان24 لە ھەولێر یەكترییان بینی، لەلایەن حكوومەتەوە بەڵێن بە رەفعەت محەمەدی كارگوزار درا، ئه‌وه‌ى پێویست بێت بۆی جێبەجێبكەن، چونكە ئەو داوایكرد بكرێتە فەرمی لە بەر ئەوەی ئێستا گرێبەستە و مەترسی دەركردنی لەسەرە.

رفعەت، ئێستا باری تەندرووستی تەواو نییە، لەبەر ئەوەی لە كاتی كاركردندا ئۆتۆمبێلێك خۆی پێدا كێشاوە، بەڵام ئەمە نەبۆتە ھۆی ئەوەی رەفعەت لە كاركەی سارد بكاتەوە.