نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران چاوەڕێی بڕیاری بەغدایە

خەڵکی دەڤەری سۆران بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت سەردانی ھەولێر دەكەن
kurdistan24.net

K24 - سۆران

دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی بەشی پاسپۆرت لە سۆران، باڵەخانە و کارمەند و کەلوپەلی پێویستی بۆ دابینکراوە، ئەوەی ماوەتەوە کەوتووەتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی دانیشتوانی دەڤەرەکە کە ژمارەیان نزیکەی 350 ھەزار کەسە بۆ دەرھێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت ناچار نەبن  سەردانی ھەولێر بکەن.

كرمانج عزەت، قایمقامی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "بۆ نووسینگەی پاسپۆرت مقابلەی 100 پۆلیس كراوە و 70 ئەفسەر و رێپێدراو و پۆلیس دەستنیشان كردووە، ئێستا چاوەڕێی بەشی ئەلیكترۆنین كە ئەو بەشە لە ئەستۆی بەغدایە و حكوومەتی ھەرێم چاوەڕێی بەغدایە، ھەركاتێك بەغدا بەشی ئەلیكترۆنی دابینكردن نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران دەست بەكار دەبێت".

بە دەست بەكاربوونی نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران نزیکەی 250 ھەزار کەس لە دانیشتوانی سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز لەگەڵ دانیشتوانی 13 ناحیە و گوندەکانی  دەڤەرەکە بۆ مامەڵەكانی دەرھێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت ناچنە ھەولێر.

ھ.م