لە خانەقین ھەوڵێكی مەترسیدار دژی كورد لە ئارادایە

هه‌وڵی دابڕاندنی گوڵاڵه‌ و سه‌عدیه‌ ده‌درێت
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

عەرەبە سوننەكانی گوڵاڵە (جەلەولا) بە ھاوکاری کاربەدەستانی حکوومەتی عێراق لە بەغداوە لە ھەوڵی دابڕاندنی شارەدێکانی گوڵاڵە و سەعدیەن لە خانەقین، بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی خانەقین و پارێزگای دیالە. لە ھەنگاوێکی مەترسیداردا بەڕێوبەرایەتی تۆماری خانووبەرەیان لە خانەقین جیاکردەوە، ئەمەش گەورەترین مەترسیە لەسەر ئەو داگیرکاریەی كە لە ساڵی 1975 تا دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، رووبەڕووی ھاووڵاتییانی كورد لە دیالە بووەتەوە.

ھەنگاونان بەئامانجی دابڕاندنی شارەدێ کوردییەكان لە خانەقین بەڕای شارەزایان و چاودێرانی سیاسی ھەنگاوێکی مەترسیدارە و داوا دەكرێت نوێنەرانی کورد لە بەغداد ھەڵویستی توندیان لە بەرامبەر ئەم كارانە ھەبێت و لێی بێدەنگ نەبن.

لەساڵی 1975  کاتێک ھەزاران خێزانی کورد لە شارەدێکانی گوڵاڵە و سەعدیە و مەندەلی رووبەڕووی تەعریبكردن بوونەوە، خانوو موڵک و زەوییە کشتوکاڵییەكاانیان دەستی بەسەرداگیرا و لەسەر عەرەبی ھاوردە تۆمار کران. لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەریشەوە ھاوشێوەی سەردەمی رژێمی بەعسی عێراق دەرکردن و داگیرکاری و تیرۆرکردن رووبەڕووی ھاووڵاتییانی كورد لە سنووری دیالە بووەتەوە.

ھ.م