چەند رفێنەرێك لە ھەولێر دەستگیر كران
K24 - ھەولێر
دوو كەس بەتۆمەتی رفاندن و دزین لە شاری ھەولێر دەستگیر كران، كە چوار ھاووڵاتی بە رەگەز عەرەب-یان رفاندووە و ئۆتۆمبێلەكەشیان دزیووە.
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "چوار ھاووڵاتی بە رەگەز عەرەب كە خەڵكی شاری بەغدان كاتژمێر 1ی شەو لە شاری ھەولێر ویستوویانە بگەڕێنەوە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم-یان پێبووە، لەلایەن دووكەسی خەڵكی ھەولێر رێگریان لێدەكرێت، سەرەتا بەناوی ئاسایش ناسنامەیان لێوەردەگرن، دواتر یەكێك لە تۆمەتبارەكان ئۆتۆمبێلەكە لێدەخوڕێت و دەیبات لە شوێنێك دەیشارێتەوە، ھاووڵاتییە عەرەبەكانیش فڕێدەدەن، مەبەستیان دزینی ئۆتۆمبێلەكە بووە، بەڵام لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر توانرا تۆمەتبارەكان دەستگیر بكرێت و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا بگیرێت".
گوتیشی: "دوای رەزامەندی دادگا ئۆتۆمبێلەكە بۆ ھاووڵاتییەكان دەگەڕێندرێتەوە و تۆمەتبارەكان دانیان بە تاوانەكەدا ناوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ تۆمەتبارەكان دەكرێت".
ھ.م