بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی شاندێكی حكوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا دەكات

گفتوگۆ لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ شاندێكی باڵای حكوومەتی ھەرێم، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومه‌تی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و بڕیارە لەگەڵ ھەرسێ سەرۆكایەتی عێراق كۆببێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24 لە بەغدا، شاندەکە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەندامیەتی شاندەکە دەکەن و لەشاری بەغداش لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبنەوە.

لەبارەی بەرنامەی كار و كۆبوونەوەكانی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، عەمار نەجمەدین، نێردراوی كوردستان24 لە بەغدا گوتی: "شاندی حكوومەتی ھەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەرەتا سەردانی بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكات و دیدار و چاوپێكەوتن ئەنجامدەدەن، دواتر شاندەكە لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە، پاشان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبنەوە".

راشیگەیاند: "پرسەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان، بووجە و نەوت، كەركووك، ئاوارەكان، لە دیدارەكان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوویەكی نزیك ھەنگاوی كردەیی بۆ چارەسەری كێشە ھەڵپەسێردراوەكان بنرێت".

لە دوای یەكەمین كۆبوونەوەی فەرمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە دوێنێ 15/7/2019 ئەنجامدرا، لە راگەیەندراوێكدا حكوومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەكرد، کە شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاکی و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوەى دەستوور، سەردانی بەغدا دەکات.

ھ.م