دەرھێنەرێكی كورد فیلمێك بە زمانی ئەڵمانی بەرھەم دەھێنێت

ئەكتەرانی كورد و ئەڵمان لە فیلمەكەدا بەشدارن
kurdistan24.net

K24 - ھانۆڤەر

بەھزاد داود، وەك دەرھێنەری کورد فیلمێک بە زمانی ئەڵمانی بەرھەم دەھێنێت و ئەکتەرانی کورد و ئەڵمان رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەبینن. رووداوەکانی فیلمەکە لە ناو یەک ئاپارتمان روودەدەن خێزانە نیشتەجێکانی دژایەتی یەکدی دەکەن و جیاوازی یەکتری قبوڵ ناکەن، بەڵام کاتێک ھەواڵی ئەوە بڵاودەبێتەوە کە ھەسارەیەک بەر گۆی زەوی دەکەوێت پەنا بۆ یەکتری دەبەن و داوای گەردن ئازادی لە یەکتری دەکەن.

پەیوەندیی کۆمەڵایەتی نێوان چەند خێزانێکی ئاپارتمانێک لە ئەڵمانیا کە خاوەنی ناسنامەی نەتەوە و ئایینی جیاوازن دەبێتە بابەتی فیلمێکی دەرھێنەرێکی کورد.

کچە ئەڵمانێک لە فیلمەکەدا رۆڵی کاراکتەرێک دەبینێت، کە رقی لە ھاوسێ بیانییەکانیەتی و بە چەندین شێوە دژایەتیان دەکات.

مەرایکە شلۆتە، ئەکتەر بە كوردستان24ی گوت: "من رۆڵی ژنێک دەگێڕم کە زۆر توڕەیە و کێشەی لەگەڵ سەرجەم ھاوسێکانیدا ھەیە و زۆر لوتبەرزە. بەڵام کاتێک ئەو کارەساتە دێتە پێشەوە زۆر دەگۆڕێت و باش دەبێت لەگەڵ ھەموویان. خۆشی چیرۆکێکی تایبەتی ھەیە کە مێردەکەی لە شەڕ دەگەڕێتەوە، بەڵام دیسان دەچێتەوە بۆ شەڕ".

بینەرانی فیلمەکە پەیامی فیلمەکە بە گرنگ دەزانن کە داوای یەکتری قبوڵکردن و لێبوردەیی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان دەکات.

فیلمی تۆزێک پێش کۆتایی، فیلمێکی ھاوبەشی نێوان کوردو ئەڵمان و نەتەوەکانی دیکەی ئەڵمانیایە و پرسی پەیوەندی نێوان رەوەندە بیانییەکان و ئەڵمانەکان و لێبوردەیی و ئایین و پێکەوەژیان و رەگەزپەرستی دەکاتە پرسی سەرەکی فیلمەکە.

ھ.م